لەسەر سوتاندنی كتێبخانەی پیرەمەگرون لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان هاتەدەنگ و ڕایگەیاند، دەستێکی گێرەشێوێن لە ناحیەی پیرەمەگرون هەڵیانکوتاوەتە سەر چەند فەرمانگەیەک، لەناویاندا کتێبخانەی گشتی پیرەمەگرون، ئاگریان تێبەرداوە.

لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە : ڕۆژی چوارشەممە 2012/11/24 لەئەنجامی ناڕەزایەتی قوتابیان و خوێنکارانی زانکۆ لەسنووری پارێزگای سلێمانی، بەداخەوە دەستێکی گێرەشێوێن لە ناحیەی پیرەمەگرون هەڵیانکوتاوەتە سەر چەند فەرمانگەیەک، لەناویاندا کتێبخانەی گشتی پیرەمەگرون، ئاگریان تێبەرداوە. ئێمە لەوەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان پشتیوانی هەموو داوایەکی مەدەنییانەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەکەمانین، بەڵام بەتوندی سەرکۆنەی هەموو کارێکی تێکدەرانە دەکەین، بەتایبەتی سوکایەتی کردن بەئاڵای پیرۆزی کوردستان و ڕەمزو سیمبولە نەتەوەییەکانمان و پەلاماری کتێبخانە، کارێکی دوور لەڕەوشتی شارستانییە، ناکرێت بۆ بەدەستهێنانی خواست و داواکاری توێژێک، فەرمانگەو دامەزراو و ئاڵا بکەونە بەر هێرش و سوتاندن و وێرانکاریی.

ڕاگەیەندراوەکە لەدوای ئەوە دێت ئەمرۆ لە ناحیەی پیرەمەگروون خەڵکی ناحیەکە دژی کەمیی خزمەتگوزاریی خۆپیشاندانیان کرد، پێنج فەرمانگەی حکومیی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە سووتێندران .