ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بڕی دوو ملیار و 200 ملیۆن دینار بە مەبەستی جێبەجێکردنی پرۆژەی بەڕێوەبردن و چاکسازی پارکی ھەواری شار لە پارێزگای سلێمانی تەرخانبکات.

 

ئەمڕۆ چوارشەممە 24-11-2021 فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندی دراوە لەسەر خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە بە شێوەی قۆناخ بە قۆناخ و نەختینەیی. هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دوای ئامادەکردن و گرتنەبەری گشت رێکارەکانی پرۆسەی تەندەرین، پێشتر لە کاتی سەردانیکردنی مەسرور بارزانی بۆ شاری سلێمانی، رەزامەندی درا لەسەر تەرخانکردن و خەرجکردنی گوژمەی چوار ملیار و 527 ملیۆن و 454 هەزار و 500 دینار، لەسەر بودجەی وەگەڕخستن بەشێوەی نەختینە و قۆناخ بە قۆناخ بەمەبەستی جێبەجێکردن و بەڕێوەبردن و چاکسازی لە چەند پرۆژەیەکی پارێزگای سلێمانی و پارەکەش لەسەر بودجەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی خەرج دەکرێت.

شایەنی باسە لە ئێستادا پرۆژەکە چووەتە بواری جێبەجێکردن و لەلایەن کۆمپانیای (لانتانا)ـش جێبەجێ دەکرێت.