عوسمان حاجی مەحمود، سەرکردەی دیاری باشووری کوردستان و یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕان ڕاگەیەندراوێک لەبارەی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە.
عوسمان حاجی مەحمود لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، “لەماوەیەکی کورتدا سێ دەرکەوتەی جیاواز دەركەوتن و بەڵگەن بۆ ھەلوێستی زۆرینەی جەماوەر دەرهەق ئەقڵیەتی دەسەڵات و فۆرمی حوكمرانی ئەمرۆی هەرێمی كوردستان، بەشدارینەکردنی فراوانی خەڵک و سوتاندنی دەنگ و بایكۆتكردن لە دوا ھەلبژاردنەکاندا، ئەو رێژە فراوانە نارازییەی جەماوەری خستە روو كە هیچ ئومێدێكیان بە هەڵبژاردن نییە”.
ئاماژەی بەوەشداوە، پاش ئەوەش کۆچی بەکۆمەڵ و رووكردنە هەندەران و ژیانی نادیار، دەرخەری ئەوەیە چ ویستێكی بەهێز هەیە بۆ جێهێشتنی نیشتمان كە ئەویش بەرێژەیەكی زۆرهەر بەرئەنجامی ناعەدالەتی و ستەم وگەندەڵییە، هەروەها نائومێدییە بە حوكمرانی و بەڵینەكانی كەلەوانی دەبیستن. دواكردەش خۆ پیشاندانەکانی ئەم چەند رۆژەی خوێندکارانە بەو فراوانییەی بەشێكی زۆر لەشارو شارۆچكەكانی هەرێمی گرتۆتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەیدا عوسمان حاجی مەحمود باسی لەوەشکردووە “ھەموو ئەوانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کۆمەڵگە لەئاستێكی فراوان لە شێوازی حوکمرانی و دەستەبژێری سیاسی باڵادەست نارازین و خوازیاری گۆرانكارین، بۆیە کاتی ئەوەھاتوە ئەوھەلوێستانەی جەماوەرلەلایەن دەسەڵاتدارانەوە وەك ئەركی لەپێشینە وبە بایەخەوە سەیربکرێن و مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت و ببنە هۆی راچڵەكینان و هەنگاوی كرداری بەدوادا بێت”.
دەشڵێت “ئەركی هەموو ئەوانەش كەبەخەمی وڵات و ئایندەی نەوەكانیانەوە پشتیوانی لەنارازایەتی مەدەنیانەی خوێندكاران بكەن بەمەبەستی بەپیرەوە هاتنی داخوازیەكانیان و جێبەجێكردنیان” .