بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، دەستەی دادوەری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەپاساوی دووبارەبوونەوەی پەنجەمۆر دەیەوێت تەواوی دەنگەکانی بەشێک لە وێستگەکانی هەولێر و نەینەوا بسوتێنێت بەوهۆیەش ئەگەری هەیە حزبەکەیان دوو کورسی لەدەست بدات، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو هەنگاوە نایاساییە لە دادگای باڵای فیدڕاڵی سکاڵا تۆمار دەکەن و بەدەستیان دەهێننەوە.
هاوار محەممەد، بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی بە کەناڵی رووداو راگەیاندوە، “ئەگەر دەنگی چەند وێستگەیەک بسوتێنرێن، رەنگە دوو کورسی لەدەستبدەین، بەڵام کاتیی دەبێت و دواتر دوو کورسییەکە لە رێگەی دادگەی باڵای فیدڕاڵییەوە بەدەستدەهێنینەوە، چونکە لە هەڵبژاردنی خوولی پێشووی پەرلەمان هەمان شت روویدا و بەدەستمان هێنایەوە”.
ئاماژەی بەوەشکردوە، “بەپێی زانیارییەکانی ئێمە دەستەی دادوەری کە لە سێ دادوەر و سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان پێکدێت بە کۆمیسیۆنی راگەیاندووە دەبێت دەنگی ئەو وێستگانە بسووتێنرێت، کە پەنجەمۆری دووبارەیان تێدایە، بەشێک لەو وێستگانە لە چەند بازنەیەکی هەولێر و پارێزگای نەینەوان”.
بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دەڵێت، “ئەگەر کۆمیسیۆن ئەو کارە بکات کە بنەمای یاسایی نییە هەموو دەنگەکانی وێستگەکان بسووتێت ئەوا ئەگەری هەیە یەکێتی دوو کورسی زیادبکات، بەڵام ئێمە تانە لەو بڕیارە دەدەین، بەڵام هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە کە کۆمیسیۆن ئەو کارە دەکات یان نا، چونکە ناکرێت لە وێستگەیەک بەشێکی کەمی لە دەنگەکانی پەنجەمۆری دووبارەبن و هەموو دەنگە تەواوەکانیش بسووتێن، ئینجا ئەو برادەرانە چۆن زانیویانە پەنجەمۆری دووبارە لەو وێستگانە هەیە، ئەمە گومانی لەلا دروستکردووین”.