ھاتوچۆی گەرمیان رایگەیاند، بەھۆی وەرگەڕانی مینی پاسێکەوە لەسەر رێگای کەلار _ خانەقین ھەشت کەس برینداربوون.
ئەمڕۆ سێشەممە 16ی تشرینی دووهمی 2021، بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی گەرمیان لە راگەیانراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە، لە رووداوێکی ھاتوچۆدا لەسەر رێگەی کەلار _خانەقین ئۆتۆمبێلێکی گواستنەوە لە جۆری نیسان مینی پاس وەرگەڕا و شۆفێرەکە و حەوت سەرنشین کە خوێندکارن برینداربوون.
ئاماژەی بەوەش کردووە، مینی پاسەکە بە ئاڕاستەی قەزای کەلار رۆشتووە لە بەرامبەر گوندی تۆپ عەسکەر وەرگەڕاوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەھید ھەژار لە کەلار و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستی پێکردووە.
بەگوێرەی ئامارەکانی ھاتوچۆی ھەرێمی کوردستان، لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا دوو ھەزار و 287 رووداوی ھاتوچۆ روویانداوە، کە تیایدا 316 کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ ھەزار و 991 کەسیش برینداربوون.
رووداوەکانی ھاتوچۆ بە یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکانی گیان لەدەستدان و برینداربوون یان کەمئەندامبوون دادەنرێت لە ھەرێم، کە بەشێکی پەیوەندی بە خراپی رێگاوبان و کوالێتی رێگاوبانەکانەوە ھەیە و بەشێکیشیان پەیوەندی بە پابەندنەبوونی شۆفێران بە خێرایی دیارکراو و رێنماییەکانی ھاتوچۆوە ھەیە.