وەزارەتی دارایی هەرێم رایدەگەیەنێت: داوایەكی یاساییان بە بەهای ٧٥ ملیار دینار لە كۆمپانیای نالیا بردەوەو حكومەتی هەرێم هەڵدەستێت بەفرۆشتنی سەرجەم ئەو موڵكانەی كە لای بارمتەیە تا پاكتاوی ئەو قەرزو سودانە بكات كە لای كۆمپانیاكەیە.
وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم لەراگەیەنراوێكیدا كە وێنەیەكی گەیشتوە سنورمیدیا رایگەیاند: بەپێی بڕیارێكی سەرۆكایەتی دادگایی پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان ژمارە ٩٠/ دەستەی شارستانی تێهەڵچوونەوە/٢٠٢١/ راستكردنەوە لە ٢٥/١٠/٢٠٢١ وەزارەتی دارایی و ئابوری داوایەكی لەبەرژەوەندی خۆی دژی كۆمپانیای نالیا یەكلاكردەوە.
رونیشیكردوەتەوە: بەمەش بەرێوبەری ڕێگەپێدراوی كۆمپانیاكە پێویستە نزیكەی ٧٥ ملیار دینار بگەڕێنێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابوری وەك قەرزو سودی بانكی كەڵەكەبوو.
وەزارەتی دارایی دەشڵێت: ئەم داواییە لە كاتێكدایە كە چەند ساڵێك لەومەوبەر كۆمپانیایی ناوبراو داوایەكی دژی وەزارەتی دارایی و ئابوری بەرزكردەوە كە تێیدا داوای و لابردنی و كەمكردنەوەی سودەكانی دەكرد.
هەر بەپێی راگەیەنراوەكە: كۆمپانیای نالیا لە پاش دۆڕاندنی ئەم داوایە، حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵدەستێت بەفرۆشتنی سەرجەم ئەو موڵكانەی كە لای حكومەت بارمتەیە تا پاكتاوی ئەو قەرزو سودانە بكات كە لای كۆمپانیاكەیە.