جەمیل هەورامی، سەرۆکی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت، سکاڵای یاسایی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و دوو وەزارەت تۆماردەکەن.

جەمیل هەورامی ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، “ئەمڕۆ گردبوونەوەیەک ئەنجامدەدەین و لە رێگەی بەشی یاساییمانەوە لە دادگای کارگێڕی سکاڵا لە دژی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، وەزیری دارایی و ئابووری و پێشمەرگە تۆمار بکەین”.

جەمیل هەورامی وتیشی: “هۆکاری سکاڵاکە ئەوەیە بەپێی یاسای ژماری 38ی ساڵی 2007ی خانەنشینی پێشمەرگە، کە سەرەتا چوار ساڵیان پەکخست و دواتر جاش و موستەشارەکانیان هاوتاکردووە لەگەڵ ئەو پێشمەرگانەی بە کردەیی پێشمەرگە بوون و بۆ ئەوانیش ساڵێک خزمەتی پێش راپەڕین بە دوو ساڵ هەژمارکراوە، کە ئەمە نادادییە و قبوڵی ناکەین ئەو جاش و موستەشارانەی بەعسی بوون وەکو ئێمە بە پێشمەرگە هەژماربکرێن و خانەنشین ببن بە پلەی لیوا و پلەی دیکە”.

بەوتەی سەرۆکی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان  “ئێمە نزیکەی 18 هەزار ئەنداممان هەیە و بەناوی هەموو پێشمەرگە دێرینەکانەوە ئەو سکاڵایە تۆماردەکەین”.