ئه‌لێكسانده‌ر لۆكشینكۆ سه‌رۆكی وڵاتی بیلاڕوسیا ڕایگه‌یاند، هه‌رچه‌نده كار له‌سه‌ر گێڕانه‌وه‌ی كۆچبه‌ران بۆ وڵاته‌كانیان ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پۆڵندا ده‌روازه‌یه‌كی مرۆڤ دۆستانه بۆ كۆچبه‌ران نه‌كاته‌وه، ئه‌وا به فڕۆكه ده‌یانگوازنه‌وه بۆ شاری میونخی ئه‌ڵمانیا.
پاش كۆبونه‌وه‌ی وه‌زیره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌رباره‌ی سه‌پاندنی یاسای نوێ به‌سه‌ر بیلاڕوسیا، ئه‌لێكسانده‌ر لۆكشینكۆ له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، “كاری جدی ده‌كه‌ن له پێناو گێڕانه‌وه‌ی نزیكه‌ی 1000 (هه‌زار) كۆچبه‌ر بۆ وڵاته‌كانیان”.
وتیشی، “كاره‌كان بۆ گێڕانه‌وه‌ی زۆربه‌ی كۆچبه‌ره‌كان بۆ وڵاته‌كانیان به‌ره‌وپێشچونی باشی به‌خۆیه‌وه بینیوه، ناشمانه‌وێت ئه‌م قه‌یرانه بۆ به‌ربه‌ره‌كانێ ته‌شه‌نه بكات، ئاماده‌ین كارئاسانی ته‌واو بكه‌ین له‌پێناو گێڕانه‌وه‌ی ته‌واوی كۆچبه‌ران بۆ وڵاته‌كانیان، به‌ڵام كۆچبه‌ران سورن له‌سه‌ر داخوازیه‌كانیان و نایانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه وڵاته‌كانیان”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، “كۆچبه‌ران هیچ جێگایه‌كیان نییه تا بۆی بگه‌ڕێنه‌وه، ته‌نانه‌ت ماڵه‌كانیشیان له‌ده‌ستداوه، بۆیه باش له‌وه تێده‌گه‌ن كه هیچ ڕێگایه‌كیان نییه تا بژێوی ڕۆژانه‌ی منداڵه‌كانیانی پێ په‌یدا بكه‌ن، به‌م هۆكاره‌نه‌ش ده‌كرێت د‌رك به‌وه بكه‌ین، بۆچی نایانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه وڵاته‌كانیان”.
ئه‌لێكسانده‌ر لۆكشینكۆ ئه‌وه‌شی ڕونكردوه‌ته‌وه، “وڵاته‌كه‌ی خۆبه‌خشانه له ڕێگای هێڵی ئاسمانی (بیلاڤیا)ی تایبه‌ت به وڵاته‌كه‌یه‌وه ده‌توانێت كۆچبه‌ران بگوازنه‌وه بۆ وڵاتی ئه‌ڵمانیا، ئه‌گه‌ر پۆڵندا هیچ ده‌روازه‌یه‌كی مرۆڤ دۆستانه بۆ كۆچبه‌ران نه‌كاته‌وه ناچار ده‌بن كه كۆچبه‌ران بۆ شاری میونخ بگوازنه‌وه”.