بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی هۆشداری دەدات لە سەرهەڵدانی مەترسییەکی گەورە لە سلێمانی و نەمانی دەرمان لە نەخۆشخانەکان و دەڵێت، لە چەند هەفتەی داهاتوودا دەرمان لە نەخۆشخانەکان نامێنێت.
د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “لەئێستادا دەرمان و پێداویستی پزیشکی لەشاری سلێمانی نزیکبووەتەوە لە تەواوبوون و نەمان و ئەوەش مەترسییەکی گەورە لەسەر هاووڵاتیانی شاری سلێمانی و دەوروبەری دروست دەکات.”
وتیشی، “هۆکارەکەی ئەوەیە بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەتوانراوە شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی دەرمان بدرێت کە نزیکەی 10 مانگە دەرمان بۆ ئێمە دەهێنن، بەڵام وەک پێویست شایستە داراییەکانیان بۆ دابین بکەین.”
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەو کۆمپانیایانە بڕیاریان داوە چیتر دەرمان نەهێنن و ئەو دەرمانانەشی هەیانە بیگێڕنەوە، ئەوەش لە چەند هەفتەی داهاتوودا کێشەیەکی گەورە لەشاری سلێمانی دروست دەکات.”
د. سەباح هەورامی باسی لەوەشکرد، “وەزارەتی تەندروستیمان لە کێشەکە ئاگادارکردووەتەوە، داواش لە وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران دەکەین بە جدی هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بدەن.”