لەبارەى ڕاستی ژەهرخواردکردنی کۆسرەت ڕەسوڵ کە سەرۆکى ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتییە، حاکم قادر حەمە جان، ئەندامی ئەنجومەنەکە بابەتەکەى ڕەت نەکردەوە و وتی، “ئەو بابەتە دەبێت لەلایەن لیژنەیەکی پزیشکی و یاساییەوە پشتڕاست بکرێتەوە.”
قادر حەمەجان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، “هەموو بابەتێک لەو بابەتانە پێویست بەوە دەکات کە لەلایەن لیژنەیەکی پزیشکی یاخود نەخۆشخانەیەکی ناسراوەوە پشتڕاست بکرێتەوە و ئیجرائاتی یاسایی تێدا بکرێت.”
تائێستا سێ بەرپرسی یەکێتی کە بریتین لە بافڵ تاڵەبانی، مەلا بەختیار و وەستا حەسەن پشتڕاستیان کردووەتەوە کە ژەهرخواردکراون، هەرچەندە ناوی کۆسرەت ڕەسوڵ و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدیش دەهێنرێت، بەڵام تائێستا هیچ لایەنێک بە فەرمی پشتڕاستی نەکردووەتەوە.
قادر حەمە جان لەبارەى کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتی وتی، “هەرکاتێک پێویست بێ ئێمە بە ئامادەبوونی هەڤاڵەکانمان کۆدەبینەوە بۆئەوەی زیاتر خزمەتی یەکێتی بکەین و ئەو هەڵە و کەموکورتییانەی هەیە چارەسەر بکەین”.
وتیشی، تائێستا باس لە کاندید نەکراوە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، “بەڵام مافی خۆمانە بە پێی ڕێککەوتنە سیاسییەکان ڕۆڵ و کاریگەریمان هەبێت لە دیاریکردنی سەرۆککۆماری داهاتووی عێراق.”