بەرپرسێکی یەکێتیی ڕایدەگەیەنێت، پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق پشکی پێکهاتەی کوردەو لەناو کوردیش بەرکەوتەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانە، ده‌شڵێت:”ئەگەرهات‌و لەسەر ئەو پۆستە لەگەڵ پارتی بەدانوستان نەگەیشتینە ڕێککەوتن، ئەوە هاوشێوەی ساڵی 2018 ململانێکە لەناو هۆڵی پەڕلەمان یەکلایی دەکەینەوە”.

غەیاس سورچی بەرپرسی ڕاگەیاندن‌و پەیوەندییەکانی مەڵبەندی موسڵی یەکێتیی بەپێگەی “مەعلومە”ی ڕاگەیاندوە، “پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق پشکی پێکهاتەی کوردیەو لەناو کوردیشدا بەتایبەت مافی یەکێتییە کە بەهیچ جۆرێک ئامادەنییە سازشی لەسەربکات”.

بەوتەی سورچی، “لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتودا لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر چەندین پرس گفتوگۆ دەکەن، لەناویاندا پرسی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق‌و بابەتەکانی تری پەیوەست بەپشکی کورد لەحکومەتی داهاتوی عێراق”.

ئاماژەی بەوەشکردوە، “ئەگەرهات‌و لەگەڵ پارتی لەسەر ئەو بابەتانە نەگەیشتینە لەیەکتێگەیشتن، ئەوە هاوشێوەی خولی پێشوو ململانێکە دەبەینە ناو هۆڵی پەرلەمانەوەو کاندیدی یەکێتیش هەر د.بەرهەم ساڵح دەبێت”.