رابەری رەوتی سەدر، لەبارەی هێرشەكەی سەر ماڵی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عیراق دەڵێت، هەوڵی تیرۆركردنی كازمی، بەئامانجكردنی عیراق و گەلەكەیی و گەڕاندنەوەیەتی بۆ دۆخی پشێوی.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە لە رێگەی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان هێرشكرایە سەر ماڵی مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عیراق لە ناوچەی سەوزی بەغدا.

هەرچەندە سەرەتا وا راگەیەندرا كە مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عیراق بەهۆی هێرشەكەوە برینداربووە، بەڵام دواتر میدیاكانی عیراق بڵاویانكردەوە، لەهێرشەكەدا سێ پاسەوانی كازمی برینداربوون.

دوای هێرشەكە موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر، لە تویتێكدا رایگەیاند: ” هەوڵی لەناوبردنی مستەفا كازمی،  سەرۆكی حكومەتی عیراق، كردەیەكی تیرۆرستییەو لایەنێكی باڵای لەوڵاتدا كردووەتە ئامانج.”

دەشڵێت: ” هەوڵی تیرۆركردنی كازمی، بەئامانجكردنی عیراق و گەلەكەیی و ئاسایش و سەقامگیری دەكاتە ئامانج  گەڕاندنەوەیەتی بۆ دۆخی پشێوی بۆ ئەوەی هێزە نادەوڵەتییەكان كۆنترۆڵی بكەن و عیراق بخەنە ژێرباری ئاژاوە و تووندوتیژی و تیرۆر.”

موقتەدا سەدر داوا لە هێزە ئەمنییەكانی عیراق دەكات شان بدەنە ئەم بەرپرسیارێتییەو كۆنترۆڵی بارودۆخەكە بكەن: “تائەو كاتەی عیراق چاك دەبێتەوە و بەهێزەوە دەگەڕێتەوە”.