وابڕیارە ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی ( بافل تاڵەبانی) و لە ماڵی مام جەلال لە دەباشان كۆبوونەوەیەكی گرنگی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەڕێوەبچێت كە تیایدا چەند پرسێكی تایبەت بە ناوخۆی یەكێتی و هەروەها بابەتی چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخی عێراق و پێكهێنانی كابینەی نوێی عێراق و ناردنی شاندی یەكێتی بۆ بەغدا تاوتوێدەكرێت.

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 11/6/2021 بەسەر پەرشتی ( بافل تاڵەبانی) لە ماڵی مام جەلال لە دەباشان كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەرێوەدەچێت، ئەوەش لە چوارچێوەی خۆڕێكخستنەوەی یەكێتییە لە پێشهاتەكانی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و هەروەها زیاتر ڕێكخستنەوەی ناوماڵی یەكێتییە.

لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا جەخت لەسەر ئەنجامدانی چەند گۆڕانكارییەكی دیكەی ڕیشەیی دەكریتەوە لەناوخۆی یەكێتی و هەروەها دەستكردن بە ئەنجامدانی گۆڕانكارییە حزبی و حكومییەكان كە وابڕیارە تا ماوەی سێ‌ مانگی داهاتوو یەكێتی نشتیمانی كوردستان زۆرترین گۆرانكاری لە پۆستە حزبی و حكومییەكاندا بكات، بۆیە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا تەوەریكی سەرەكی قسەكردن دەبێت لەسەر ئەو بابەتە.

هەر بەپێی زانیارییەكانی سنورمیدیا، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەی ئەمرۆی مەكتەبی سیاسی یەكێتی تایبەت دەكرێت بە مامەڵەی یەكێتی لەدوای كۆتایهاتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ هێزولایەنە سیاسییە عێراقی و كوردستانییەكان و هەروەها پێكهێنانی لیژنەیەكیش بۆ سەردانیكردنی بەغدا و دەستكردن بە گفتوگۆكردن لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق و دیاریكردنی پشك و مافەكانی كورد لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراقی.