سنورمیدیا
بافڵ تاڵەبانی، لە پەیامێكدا رایدەگەیەنێت، حزبەكەی ڕووبەرووی هەرپێشێلكارییەك دەبێتەوە كە دژی ژنان ئەنجام بدرێت.
بافڵ تاڵەبانی، لەپەیامێكدا بەبۆنەی دامەزراندنی یەكێتی ژنانی كوردستان دەڵێت” لەم یادەدا دووپاتیشی دەکەینەوە کە درێژەپێدەری رێبازی مام دەبین و بە ھەمان بیروباوەڕەوە پارێزەری بەدیھێنانی مافەکانی ژنان بین و خەبات بکەین لەپێناو جێبەجێکردنی خواستەکانتان و یەکسانی جێندەری و رووبەڕووبوونەوەی پێشێلکارانی مافەکانی ژنان، بەھەموو توانایەکیشمەوە رێگردەبم لەپەنابردن بۆ توندوتیژی و بەزاندنی سنووری ئازادییەکانتان”.
دەقی پەیامەكە:
بەرێزان سكرتێر و سكرتاریەت و ئەندامانی یەكێتیی ژنانی كوردستان
بە بۆنەی ٣٢ھەمین ساڵەی دامەزراندنی رێکخراوە تێکۆشەرەکەتان گەرمترین پیرۆزبایتان لێدەکەم.
ھیوادارم ئەم یادە ببێتە مایەی یەکخستنی ھەوڵەکان بۆ بەدیھێنانی مافەکانی ژنان و گۆڕانکاری لەخەباتی پیشەیی ژناندا.
یەکێتیی ژنانی کوردستان وەک رێکخراوێکی شۆڕشگێڕ، تێکۆشەر و کاریگەری نێو خەباتی ژنان خاوەن مێژوویەکی پڕ شانازی و دەستکەوتە، کە ئەمە دەبێت ھانتان بدات لەسەر خەرمانی ئەو شانازییە بەردەوام بن و سوورتربن بۆ پێشڕەوایەتیکردن و سەرخستنی داوا و داخوازییەکانی ژنان و ھەماھەنگ بن بۆ دەرکردن و پارێزگاریکردن لەو پرۆژە یاسایانەی پارێزەری مافەکانی ژنان دەبن، ھاوشانی گۆڕانکارییە ریشەییەکانی یەکێتی ئێوەش بەگڕوتینێکی ترەوە خۆتان رێکبخەنەوە و پێشەنگی کاروانەکە بن.
لەم یادەدا دووپاتیشی دەکەینەوە کە درێژەپێدەری رێبازی مام دەبین و بە ھەمان بیروباوەڕەوە پارێزەری بەدیھێنانی مافەکانی ژنان بین و خەبات بکەین لەپێناو جێبەجێکردنی خواستەکانتان و یەکسانی جێندەری و رووبەڕووبوونەوەی پێشێلکارانی مافەکانی ژنان، بەھەموو توانایەکیشمەوە رێگردەبم لەپەنابردن بۆ توندوتیژی و بەزاندنی سنووری ئازادییەکانتان.
دووبارە پیرۆزبایی ئەم رۆژە لە ئێوە و ژنانی کوردستان دەکەم و درود و سڵاو بۆ ھەموو ئەو تێکۆشەرانە دەنێرم کە لەم رێکخراوەدا خەباتیان کرد و خزمەتیان بە دۆزی ژنان کرد.
ھەرشاد و سەربەرز و سەرکەوتووبن
دڵسۆزتان
بافڵ تاڵەبانی