دوای ئەوەی عەتا سەراوی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی رایگەیاند، بە فەرمانی مەسرور بارزانی ژەهرخوارد كراوە، نوسینگەی مەسرور بارزانی دەڵێت، عەتا سەراوی لەبەرامبەر “تۆمەتە بێ بنەمكانی دەبێت لەبەردەم دادگا باجی قسە هەڵبەستراوەكانی بدات.”

 پێشتر عەتا سەراوی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لە چاوپێكەوتنێكدا وتبوی، “بە فەرمانی مەسرور بارزانی ژەهرخواردكراوم و فەرمانەكەشی بە كەسێكی تر جێبەجێ كردوە.”

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، نوسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەوبارەیەوە لە رونكردنەوەیەكدا وتی، عەتا سەراوی “کۆمەڵێک تۆمەتی بێ بنەما و قسەی هەڵبەستراوی ئاڕاستەی جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردوە، هەرچەند ئەو کابرایە، خۆی ماوەیەک لە مەوبەر بە ئاشکرا ڕایگەیاند، کە لە لایەن هاوسەرۆکێکی پێشوی یەکێتی، هەڕەشەی تیرۆرکردنی لێکراوە، کەچی دەیەوێت بەو تۆمەتانە، بابەتی ژەهردەرخوارددانی سەرکردەکانی حیزبەکەی، لە بیر خەڵک بباتەوە.”

نوسینگەی مەسرور بارزانی جەختی كردۆتەوە كە “بۆیە لە بەرامبەر تۆمەتە بێ بنەماکانی، ڕێکاری یاسایی دەگرینەبەر و دەبێ لە بەردەم دادگادا،  باجی قسە هەڵبەستراوەکانی بدات.”