چین داوا لەهاوڵاتیانی دەكات ماددە خۆراكییەكان بكڕن و هەڵیانبگرن وەك ئامادەكارییەك بۆ بارێكی لەناكاو كە دیاری نەكردووە.

وەزارەتی بازرگانی چین لەراگەیەندراوێكدا داوای لەهاوڵاتیانی چینی كردووە، بڕی پێویست و دیاریكراو لەبەرهەمە خۆراكییەكان بكڕن و هەڵیانبگرن تالەكاتی روودانی هەر بارێكی لەناكاودا سوودیان لێ ببینن.

هاوكات وەزارەتەكە داوای لەدەسەڵاتە ناوخۆییەكانی چین كردووە، كارئاسانی بكەن بۆ بەروبوومە كشتوكاڵییەكان و دابینكردنی پێداویستی هاوڵاتیان لەخۆراك و گۆشت و چاودێریكردنی بازاڕەكان رێگریكردن لەبەرزبوونەوەی نرخی كاڵاو شمەك.

لەلایەن خۆشیانەوە، میدیاكانی چین لیستی ئەو پێداویستیانەیان بڵاوكردووەتەوە كە پێویستە هاوڵاتیان بۆ خۆیانی دابین بكەن وەك پسكیت، مەعكەرۆنە، ڤیتامینەكان، رادیۆو گڵۆپی كارەبایی و شەحن.

ئەو بانگەوازەی وەزارەتی بازرگانی چین، لەنێو خەڵكی ئەو وڵاتەو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وا لێكدراوەتەوە كە پەیوەندی بەبارگرژییەكانی نێوان چین و تایوان هەبێت، هەندێكی تریش دەیگێڕنەوە بۆ بڵاوبوونەوەی شەپۆلێكی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ئەو شەپۆلی بارانبارینەی ئەو ولاتەی گرتووەتەوە.