ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان داوا لە سەرۆككۆماری عیراق دەكات هەوڵەكانی لەبارەی چارەسەركردنی دۆخی كۆچبەرانی كورد لە سنوورەكانی بێلاڕووس و پۆڵەندا چڕبكاتەوە.
نووسینگەی ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی ئەمڕۆ سێشەممە، بڵاویكردەوە، سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ د. بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عیراق ئەنجامداوە.
سەڵاحەدین بەهائەدین بە د. بەرهەم ساڵح-ی راگەیاندووە:” ئەو هاوڵاتیانەی هەرێم و عیراق كە لە سنووری بیلاروِوسیاو پۆڵەندا بەگیرهاتوون و ڕێگەیان لێ گیراوە لەو چۆڵەوانی و سەرمایەو بەبێ خۆراك و پێداویستی ڕۆژانە ماونەتەوە، پێویستە بەزووترین كات بەدەمەوەچونیان بۆ ئەنجام بدرێت لەو مەینەتیەی تێی كەوتوون ژیانیان ڕزگاربكرێت.”
وەك لەراگەیەندراوەكەدا هاتووە:” سەرۆككۆماری عێراق بەڵێنیدا بەردەوام هەوڵی خۆی بدا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ ڕزگاركردنی ئەو گەنج و خێزان و منداڵانەی كە لەو سنورە گیریان خواردووە.”
نزیكەی دوو مانگە، كۆچبەران ململانێكانی بێلاڕووس و یەكێتیی ئەوروپا دەقۆزنەوە و دەیانەوێت لە بێلاڕووسە خۆیان بگەیێننە یەكێتی ئەوروپا. بەپێی ئامارە نافەرمییەكان بە درێژایی سنوورەكانی بێلاڕووس و پۆڵەندا نزیكەی 15 هەزار كۆچبەر گیریان خواردووە و بەشێك لەو كۆچبەرانە خەڵكی باشووری كوردستانن و لە دۆخێكی خراپدان و سەرما و برسیێتی تەنگی پێهەڵچنیوون.
بێلاڕووس لە رۆژئاواوە لەگەڵ وڵاتانی لاتڤیا، پۆڵەند و لیتوانیا هاوسنوورە، ئەو وڵاتانە هێزێكی زۆری سەربازی و پۆلیسیان لەسەر سنوور جێگیركردووە و بەتووندی مامەڵە لەگەڵ كۆچبەران دەكەن.