ئایدن سەلجەن، یەکەم کونسوڵی تورکیا لە هەرێمی کوردستان چەند زانیارییەک لەبارەى سەردانەکەى شەش ساڵ لەمەوپێشی داود ئۆغڵۆ، سەرۆک وەزیرانی تورکیا بۆ هەولێر دەکات و دەڵێت، هیچ بەرپرسێكی هەرێم ئامادە نەبوو لەگەڵ داود ئۆغڵۆ بچێت بۆ نوێژ.
سەلجەن ساڵی 2019 کتێبێکی نووسیوە، بیرەوەرییەكان تایبەتن دەربارەی دوو ساڵەکەی لە هەولێر و چەند بابەتێکی تر، کتێبەکەی گەشتووەتە چاپی سێیەم، یەکێک لە بابەتەکانی کتێبەکەی تەرخان کردووە بۆ سەردانەکەى لە مانگێكی ڕەمەزان (21ی تشرینی دووەمی 2014) ی داود ئۆغڵۆ بۆ هەولێر کە تێیدا لەگەڵ بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی حزبی و حکومی کۆبووەوە.
سەلجەن دەڵێت، “گفتوگۆی نێوان وەفدەکان و گفتوگۆی دوو قۆڵی نێوان بەرپرسانی ھەردوولاش، لەنێو ھۆڵی میوانخانەی سەرۆک وەزیران بەڕێوەدەچوو. وەفدی ئێمەش ئەو شەوە لەوێ مایەوە. من وەک خاوەن نیوەماڵ دەبوو پرس بە داودئۆغڵو بکەم ئایا کاتی نوێژ گفتوگۆکان رادەگیرێت؟ بۆ تەراوحیش بۆ کام مزگەوت بچین؟”
باسی لەوەشکردووە، “داودئۆغڵو لە ھەموو بابەتێکی دەزانی، بەبۆچوونی ئەو بۆ ھیچ بابەتێک پرس و راوێژ پێویست نییە. (سەلجەن ئەمە بە توانجەوە دەنووسێت). داودئۆغڵو پێی وابوو کوردەکانی ھەرێم مسوڵمانی سونی-پەیوەستن (مولتەزیم)، بۆیە نەک وا بیری ئەکردەوە کە وەزیرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردەکانی پارتی بەڕۆژوون، بەڵکو بەتەواوی دڵنیا بوو لەوە. بێگومان ئەنجامدانی نوێژی تەراویحیش پێکەوە، نموونەیەکی جوانی دیپلۆماسیی دەبوو.”
سەلجەن نوسیویەتی، “گفتوگۆکان دەستیان پێکرد، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیران، کە پەیوەستی بە جلی کوردی و دینەوە نەبوو، پرسیاری لە داودئۆغڵو کرد، ئایا دەتەوێت پشوو وەربگرین بۆ رۆژووشکاندن و تەراویح یان نا؟”
زیاتر بخوێنەوە: كونسوڵێكی توركیا پشت پەردەی یەكەم سەردانی بارزانی بۆ وڵاتەكەی ئاشكرا دەكات
نێچیرڤان بەرلەوەی داودئۆغڵو وەڵام بداتەوە بێ پێچ و پەنا وتی، نە رۆژوو دەگرم و نە دەشچم بۆ نوێژ، داودئۆغڵو بەمە توشی واقوڕمان بوو. دوای ئەمە داودئۆغڵو بۆ دەستکەوتنی کەسێک بۆ تەراویح چاوی گێڕا بەنێو ئەو وەزیرە کوردانەی کە ئیحراجی بە رووخساریاندا دیاربوو، یەک کەس دەنگی لێوە نەھات.
دەشڵێت، “لە کۆتاییدا چاوی کەوتە سەر فواد حسێن، گەورە راوێژکاری مەسعود بارزانی. پەنجەی بۆ بەرزکردەوە و وتی کاک فواد ئەی تۆ؟ ئێ کاک حسێن دیپلۆماتکارێک بوو کە شارەزا و دڵخوازی شەراب بوو، ساڵانێكی زۆری لە ھۆڵەندا بەسەربردبوو، سەری راوەشاند و بەدەم زەردەخەنەیەکی پڕ لە ویقارەوە و ھەر بە دەربڕینی کوردی وتی “نەوەڵا”.
دواتر چاوی چووە سەر سینان چەلەبی، وەزیرە تورکمانەکەی ھەرێم و وتی، ئەی کاک سینان تۆ؟ سینان بە تۆنێکی نەرمەوە و بە رووترشییەوە وتی، مەعیدەم تێکەڵ دەبێت. داودئۆغڵو ھەستی کرد من بەزۆر خۆم گرتووە تا پێنەکەنم.
لە کۆتاییدا داودئۆغڵو رووی کردە کەریم سنجاری، وەزیری ناوخۆ و وتی، دەی خۆ ئەبێت کاک کەریم بەڕۆژوو بێت. نێچیرڤان بارزانی خۆی خستە نێو قسەکان و رووی کردە داودئۆغڵو و بە دەنگێکی بەرز وتی، ئەویش بەڕۆژوو نییە، بەڵام وا خۆی دەرەخات بەڕۆژووە، ئیتر ھەمووی دای لە قاقای پێکەنین، کەچی داودئۆغڵو ھەر وازی نەدەھێنا و ئەمجارە بە سەرسوڕمانێکی زۆرترە رووی لە نێچیرڤان کرد و وتی، باشە لێرە کەس رۆژوو ناگرێت؟ کەس دەنگی لێوەنەھات.
نێچیرڤان بارزانی بە ھێمنییەوە رووی لە داودئۆغڵو کرد و پەنجەی ئیشارەتی بەرەو رووی سەری رەش راکێشا و وتی، سەیربکە کاک ئەحمەد، لێرە کاک مەسعود لەبری ھەموومان بەڕۆژووە.