بریارە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان سەبارەت بە پرسی رەشنووسی پرۆژەیاسای دەستووری هەرێمی کوردستان و چەند پرسێکى دیکە کۆبێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانى شارپرێس دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان سەرۆک فراکسیۆنەکانى ئاگادار کردوەتەوە کە رۆژى چوار شەممە کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدەن بۆ تاوتوێکردنى چەند پرسێکى پەرلەمان و لەناویشیاندا پرسى رەشنوسى دەستورى هەرێم.

بریارە دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان و سەرۆکى فراکسیۆنەکان تێبینى و بۆچوونى خۆیان سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەسەر رەشنوسى دەستور بخەنەڕوو، هاوکات بۆچوونى  لایەنە سیاسییەکان سەبارەت بەو رەشنوسە قسەى لەسەر بکرێت.

ساڵی 2009 رەشنوسى دەستوری هەرێمی کوردستان بەشێکى زۆرى نووسرایەوە، بەڵام بەهۆى ئاڵۆزییەکانى ئەو کاتەو خراپی پەیوەندى ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات لەسەر چەند پرسێکى ناو دەستورەکە، کێشە بۆ تەواو بوونى دەستور دروست بوو.