شارەزایەکى کەشناسی پێشبینیدەکات سبەی ئێوارە شەپۆلێکی پچر پچری مامناوەندی بارانبارین جارێکی دیکە ھەرێمی کوردستان بگرێتەوە.

 

ئاراس جەبار ئەمڕۆ دووشەممە لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، لە ئەنجامی بەردەوامی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست لەسەر ناوچەکە سبەی سێشەمە ٢-١١-٢٠٢١ ئاسمانی ھەرێم بە زۆری نیمچە ھەوراوی ئەبێت و لەکاتەکانی رۆژدا ئەگەری بارانبارین نابێت.

 

دەشڵێت لە کاتەکانی ئێوارە و شەودا جارێکی دیکە کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست زیاددەکاتەوە و  شەپۆلێکی مامناوەندی پچر پچری بارانبارین ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە بەتایبەت لەناوچە شاخاویەکانی سنوری پارێزگای ھەولێر و دھۆکدا رێژەی بارانەکە زیاتر ئەبێت لەنێوان ٥ تا ١٠ ملیمەتر.

 

بەوتەى ئەو شارەزایەى کەشناسی، لە سەنتەری پارێزگاکان و ناوچە نزمەکانی ھەر یەک لەناوچەکانی ( ھەولێر ، دھۆک ، سلێمانی ، کەرکوک ، ھەڵەبجە ، ئیدارەی راپەرین و گەرمیان ) کاریگەری کەمتر ئەبێت و بارانەکە بەشێوەی نمە باران بۆ بارانێکی کەم بەرێژەی ( ٠.٥ تا ٢ ) ملیمەتر لەھەندێک کاتدا کاریگەری ئەبێت لەگەڵ روودانی ھەورە بروسکەدا، پلەکانی گەرما بەجێگیری ئەمێنێتەوە و خێرای با ئاسای ئەبێت ١٠-١٥کم/س ئاراستەی با ناجێگیر ئەبێت .

ئەوەشى خستووەتەڕوو، کاریگەری ئەم شەپۆلە تا ئێوارەی رۆژی چوارشەمە ٣-١١-٢٠٢١ لەھەندێ ناوچەدا بەدیاری نەکراوی بەردەوامی ئەبێت بەشێوەی چالاکبوونەوەی تاوە باران و روودانی ھەورەتریشقە بەتایبەت لەکاتەکانی نیوەرۆ و نزیک ئێوارە.