تەرمی کۆچبەرێکی کورد، لە ناوچەیەکی سنووری نێوان ئەڵمانیا و پۆڵەندا دۆزرایەوە، کە لەگەڵ 30 کەسی دیکەدا بەنیازبووە لە یەکێک لە وڵاتانی ئەوروپا بگیرسێتەوە، لەکاتێکدا هەزاران کۆچبەر، لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان بیلارووسیا و پۆڵەندا گیریان خواردووە و لە ژیانێکی سەختی سەرما و بێ خۆراکیدا دەژین.
کای سیبیناوجەر، گوتەبێژی پۆلیسی گۆرلیتس لە ئەڵمانیا رایگەیاند: “لەکاتی بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە هەریەک لە پۆلیسی ناوچەکە و فیدڕاڵی دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی رووداوەکە، هەندێک کۆچبەری لێبوو، ژمارەیەکییان لەنێو ئۆتۆمبێلێکی جۆری رینۆدا بوون، بەڵام شۆفێرەکە هەڵاتبوو، ئەفسەرێک کەسێکی مردووی دۆزییەوە، فریاگوزاری بۆ کرا، بەڵام گیانی لەدەستدابوو”.
گەنجەکە خەڵکی هەولێرە و تەمەنی 25 ساڵ بووە، 30 کەسی دیکەشی لەگەڵدا بووە، شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلەش هەڵاتووە، کە کۆچبەرەکانی گەیاندووەتە سەر سنوور.
ماوەی چەند مانگێکە کۆچبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستان، رێگەی بیلارووسیا و پۆڵەندایان بۆ خۆگەیاندن بە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا گرتووەتەبەر، ئێستاش هەزاران کۆچبەر لە سنووری نێوان ئەو دوو وڵاتە گیریان خواردووە، هاوکات پۆڵەنداش هێزی لەسنوورەکان جێگیرکردووە و بەنیازیشە سنوورەکانی لەگەڵ بیلارووسیا دیواربەند بکات.