پاسەوان و لێپرسراوانی وێستگەیەكی دابەشكردنی بەنزین لە كەركوك، لە ماوەی 45 خولەكدا لانیكەم پێنج پێشێلكارییان بەرامبەر كردم، نەیانهێشت روماڵ بكەم، كەلوپەلەكانیان لێسەندم و دەستبەسەریان كردم، لەگەڵ ئەوەشدا سوكایەتییان پێكردم و دوای پڕكردنەوەی بەڵێننامەیەك ئینجا ئازادیان كردم، ئەوەش بەو مەرجەی بەهیچ شێوەیەك جارێكی تر روماڵی هیچ وێستگەیەكی دابەشكردنی سوتەمەنی نەكەم.

من ئاكام سەمەد محەمەد (ئاكام وەزیری-  23ساڵ)، ماوەی چوار ساڵە كاری رۆژنامەوانی دەكەم و ئێستا پەیامنێری دەزگای میدیایی شارپرێس-م لە كەركوك.

لە 18ی تشرینی یەكەمی 2021، ویستم بەدواداچون بكەم بۆ پرسی “دورخستنەوەی” لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی لە پۆستەكەی، بەڵام بەر لە بەدواداچون بۆ ئەو پرسە، روداوێكی تر هاتە پێشەوە و دەزگاكەم ئاگاداركردەوە لەوەی روماڵی بكەم.

روداوەكە خۆی لە قەرەباڵغی بەنزینخانەیەكی حكومیدا دەبینییەوە كە پێچەوانەی رۆژانی پێشوو جمەی دەهات لە شۆفێران. بەنزینخانەی عەقەبە بن نافع لە گەڕەکی رێگای بەغدا لە كەركوك.

مۆڵەتی ژوری هەواڵی دەزگاكەم وەرگرت بۆ روماڵكردن، سەرەتا كۆمەڵێك وێنەی قەرەباڵغییەكەم گرت و بۆ دەزگاكەم نارد، دواتر بڕیارمدا چاوپێكەوتن لەگەڵ بەڕێوەبەری وێستگەكەدا بكەم.

کاتێک بەرەو وێستگەکە رۆیشتم و نزیک بومەوه، پاسەوانێكی وێستگەكە (جلی پۆلیسی لەبەر بوو)، پێی وتم، چیت دەوێت و بۆچی لێرەی؟ بابەتەكەم بۆ رونكردەوە و وتی: با بچین بۆ لای بەڕێوەبەر.