سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نێت” له‌ سنوورى پارێزگاى سلێمانى گۆڕانكارى له‌ چه‌ندان پۆستى حزبى ده‌كه‌ین و گۆڕانكارییه‌كان به‌رپرسى لقه‌كان ناگرێته‌وه‌”.
 عارف ته‌یفوور، سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ سلێمانى/ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ میدیای حزبەكەی ڕاگه‌یاند، دیراسه‌ى گۆڕانكارى له‌ پۆسته‌ حزبییه‌كانى پارتى له‌ سنوورى پارێزگاى سلێمانى ده‌كرێت، ئه‌وه‌ى پێویست بكات گۆڕانكارى تێدا ده‌كرێت و كه‌سى تر ده‌خرێته‌ شوێنه‌كه‌ى.
وتوشیەتی گۆڕانكارییه‌كان له‌ ئاستى كارگێڕى ناوچه‌ و كاگێڕى لق و به‌رپرسى ناوچه‌ و به‌شه‌كانى خواره‌وه‌ ده‌كرێت، ئه‌وانه‌ كێشه‌یان هه‌یه‌ و گۆڕانكارییان تێدا ده‌كرێت، هه‌ندێك له‌وانه‌ دواى لێكۆڵینه‌وه‌ ئه‌گه‌ر پێویستى كرد ئه‌وانیش ده‌گۆڕدرێن.
سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پارتى له‌ سلێمانى باسى له‌وه‌ كرد، ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ به‌رپرسى لقه‌كان و ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تى ناگرێته‌وه‌.
سنورمیدیا ئەوەی زانیوە، ئەو بەرپرسانەی نزیكن لە نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی، وەك ئامادەكارییەك بۆ كۆنگرەی ئەو حزبە دوور دەخرێنەوە و كەسانی نزیك لە مەسرور بارزانی لە جێگەیان دادەنرێن.
پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق كه‌ 10ى ئه‌م مانگه‌ توانى له‌ سنوورى پارێزگاى سلێمانى له‌ پێنج بازنه‌ى هه‌ڵبژاردن دوو كورسى به‌ ده‌ستبهێنێت.