بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە وەفدێکی پەرلەمانی بەریتانیا بە سەرۆکایەتی گاری کێنت.
لە دیدارێکدا گفتوگۆی ھەمەلایەنە کرا لەسەر پرسە سیاسی، ئەمنی، ئابوورییەکان، کاری پەرلەمان و رۆڵی لە پێشخستنی کۆمەڵگا، چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، دەرکردنی یاسا و رێکخستنی ژیانی خەڵک. هەروەها تەئکید لە ھەماھەنگی زیاتر و راوێژ لە نێوان ھەرێم و بەریتانیا کرایەوە بۆ پێشخستنی کاری پەرلەمانی.
بافڵ تاڵەبانی گرنگی بوونی دەستووری لە ھەرێم روونکردەوە بۆ وەفدی میوان و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد دەمانەوێت لە رێگای دەستوورەوە بنەماکانی دەوڵەتداری و دیاریکردنی تایبەتمەندییەکانی دەسەڵاتەکان رێکبخەینەوە و لە روویی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە ژیانی خەڵک باشتر کۆبکەینەوە و ھەمووان لە چوارچێوەی دەستوورێکی گەلپەسەند ماف و ئەرکەکانیان یەکسان بکرێت.
ھاوسەرۆک روونیشیکردەوە یەکێتی دەیەوێت دەستوورێک لە ھەرێم بنیادبنرێت کە کۆدەنگی نیشتمانی و رای ھەموو لایەنەکان و خەڵکی لەسەر بێت و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و پێشخستنی ئەزموونی ھەرێم دابڕێژرێت و ھەمووان لەسایەیدا وەک یەک بن و مافی ھاووڵاتیبوون بەرجەستە بکات و لەگەڵ دەستووری عێراقیشدا یەکبگرێتەوە و بتوانرێت خزمەتی زیاتری کۆمەڵگەی پێبکرێت.

