پەیجی وێنە کۆنەکانی سلێمانی، دەڵێت “ڤیدیۆ کلیپێکی هونەرمەندی گۆرانیبێژ دکتۆرە بەڵقیس، دیاردەیەکی تەواو ترسناکە بە هەموو پێوەرەکانییەوە”، دکتۆرە بەڵقیس کە  کارە هونەرییەکەی لەلایەن ئاوازدانەر هەڵکەوت زاهیرا وە بۆ ئەنجامدراوە لە تێکستی گۆرانییەکەدا دەڵێت، “سڵاو سڵاو وا هاتم، من بۆ ئێوە نەجاتم”.
لەو ڤیدیۆ کلیپەدا کە ژمارەیەک هونەرمەندی دیکەش هاوشان لەگەڵ دکتۆرە بەڵقیس گۆرانییەکە دەڵێنەوە، ئەو شوێنەی کە کلیپەکەی تێدا تۆمارکراوە هۆڵێکی خوێندنگەیە و گوزارشت و باس لە دۆخی خوێندن ئەکەن، ڤیدیۆ کلیپەکەشیان ناو ناوە، “مەدرەسە”. یەکێک لە بەشدارانی کلیپەکە دەڵێت، “تاقەتی هیچم نەما بەخوا بووم بە بەباغا دەرسەکە تەواوببێ یەکسەر بۆ ماڵی ئاغا”.
پەیجی وێنە کۆنەکانی سلێمانی، لە تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبووک دیمەنێکی گۆرانییەکەی بڵاوکردۆتەوە و ئەمرۆ دووشەممە، نوسیویەتی، “ئەمە کارێکی ئەوپەڕی خراپ و پڕ سوکایەتییە بە سەرجەم سێکتەر و جومگە سەرەکییەکانی پەروەردە و ڕۆشنبیری گەل و کۆمەڵگاکەمان، گۆرانییەکی تەواو بێسەرەو بەرە پڕ لە قسەی سواو و لاوەکی، لە ئاستێکی زۆر نزمی کلیپ و ئاستی شیعری و بێحورمەتکردنی مامۆستا و خوێندکار”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “گاڵتەکردن بە حەرەمی قوتابخانە و مامۆستا و خوێندکار ئایندەیەکی خراپی لێ چاوەڕوان دەکرێت و دەبێتە دیاردەیەکی خراپ لە ناو حەرەمی پۆلدا،کارێکی ئەوپەڕی ناشارستانی و دوور لە قیەمی کومەڵگا و ژیاری کلتوری و دینی و سەرجەم لایەنە مەعریفی و ڕەهەندە فکری و فەرهەنگی و بەها ئەخلاقییەکان”.
لە پاش دوو کاتژمێر لە بڵاوکردنەوەی ئەو داواکارییە، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئالان حەمەسەعید، لە کۆمێنتێکدا و لە پەیجی خۆیەوە بۆ بڵاوکراوەکەی وێنە کۆنەکانی سلێمانی نوسیوە، “سڵاو، گەیشت، ئێمە لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری قسە دەکەین”. لە وەڵامی ئەمەدا ستافی پەیجی وێنە کۆنەکانی سلێمانی بۆ وەزیری نوسیوە، “زۆر زۆر سوپاس بۆ وەزیری پەروەردە دکتۆر ئالان حەمە سەعید، هەمیشە خەمخۆر و دڵسۆز بووین هەر داواکارییەکمان کرد بێت بەتەنگیەوە هاتووە و چارەسەری کردوە، بەئومێدی سڕینەوە و سزادانی ئەو کلیپە بێ بەهایە… سوپاس بۆ جەنابت کاک دکتۆر گیان”.
کەسێک بە ناوی دڵنیا هادی، سەرنجی خۆی لەسەر داواکارییەکە نوسیوە، و دەڵێت، “زۆر ڕاستە ئەمە ئەوپەڕی بێڕێزی و بێ کەرامەتیە نەک هونەر و گۆرانی”، کەسێکی دیکە بەناوی عیرفان عەلی ڕەزا نوسیویەتی، “ڕێک مەکتەبەکەی مستەری جاران بەرنامەی بەرنامە”، پەیجی وێنە کۆنەکانی سلێمانیش لە کۆتایی بڵاوکراوەکەیدا ئەوەیخستۆتەروو، “تکایە با ڕێگە نەدەین رووبەڕووی دادگایان بکەینەوە و گۆرانییەکە بسڕینەوە”.
دەقی داواکارییەکی پەیجی وێنە کۆنەکانی سلێمانی
داواکاری بۆ بەڕێزان /
وەزیری پەروەردە  و وەزیری ڕۆشنبیری
سەرجەم دامودەزگا فەرمی و لایەنە بەپرسەکان و ڕێکخراوە مەدەنی و ڕۆژنامەنوس و نوسەرەکانی کورد.
تکا ئەکەین لەسەر ئەم ناگۆرانییە پڕ سوکایەتیی کردنە بە کۆمەگاکەمان بێنە دەنگ،چیتر ڕێگە نەدەن گۆرانییەکی لەم جۆرە لەناوەخنی ئەم کۆمەڵگایە دووبارە بێتەوە.
ئەگەر ئەم ئاگرە خامۆش نەکرێت و دانەمرکێتەوە دەبێتە سوتانی خەرمانی چەند ساڵەی ژێرخانی پەروەردەیەکی گرنگی نەوەی دواڕۆژ و خراپی پەروەردەی مناڵانی ئایندەمان.
دیاردەیەکی تەواو ترسناکە بە هەموو پێوەرەکانییەوە،
با بەربەست و پێشبەستە بین و نەهێڵین زیاتر ئەم جۆرە کارە ناهونەرییە خراپانە لەناو کۆمەڵگاکەمان گەشە بکات و تەشەنەبستێنێت.
پێویستە ڕێکاری یاسایی بگرینە بەر و سزای هەڵسوڕاوانی ئەم کارە بدەین و بیانوەستێنین.
ئەمە کارێکی ئەوپەڕی خراپ و پڕ سوکایەتییە بە سەرجەم سێکتەر و جومگە سەرەکییەکانی پەروەردە و ڕۆشنبیری گەل و کۆمەڵگاکەمان.
گۆرانییەکی تەواو بێسەرەوبەرە پڕ لە قسەی سواو و لاوەکی،لە ئاستێکی زۆر نزمی کلیپ و ئاستی شیعری و بێحورمەتکردنی مامۆستا و خوێندکار ..
گاڵتە پێکردن بە خودی مامۆستا و قوتابخانە و خوێندکار و سەرجەم کایەکانی ڕۆشنبیری و فەرهەنگی و کلتوری گەلەکەمان هێڵی سوورە دەبێت ڕێگر بین.
گاڵتەکردن بە حەرەمی قوتابخانە و مامۆستا و خوێندکار ئایندەیەکی خراپی لێ چاوەڕوان دەکرێت و دەبێتە دیاردەیەکی خراپ لە ناو حەرەمی پۆلدا،کارێکی ئەوپەڕی ناشارستانی و دوور لە قیەمی کومەڵگا و ژیاری کلتوری و دینی و سەرجەم لایەنە مەعریفی و ڕەهەندە فکری و فەرهەنگی و بەها ئەخلاقییەکان.
  تکایە با ڕێگە نەدەین رووبەڕووی دادگایان بکەینەوە و گۆرانییەکە بسڕینەوە ..فلتەر بۆ کارە هونەری و ڕۆشنبیریەکان دابنێین.
No description available.