وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لەبارەی درەنگ دابەشکردنی مووچەی بەشێکە لە وەزارەت و فەرمانگەکان دەڵێت، داهاتی سلێمانی و هەڵەبجە ناگەڕێنرێتەوە بۆیە هەندێك لە فەرمانگەكان مووچەكانیان درەنگتر وەردەگرن.
رۆژی دووشەممە 25-10-2021 وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەكانی باجەكان و خانووبەرەی میری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین لەسەر نەبوونی سیولەی سنوورەكە كۆبووەوە.
بەپێی راگەیێنراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای کۆبوونەوەکە وەزیری دارایی باسی لە كێشەكانی سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە كرد كە “وەكو پێویست ناتوانن داهاتی باج كۆبكەنەوە ئەمەش بووەتە گرفتێك بۆ نەبوونی سیولە (پارەی نەختێنە) ئەمەش وایكردووە هەندێك لە فەرمانگەكان مووچەكانیان درەنگتر وەربگرن.”
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات کە وەزیری دارایی لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژەی بەوەكرد “هیچ كەس و لایەنێك مافی ئەوەی نییە خۆی لە باجدان بدزێتەوە لە هەمانكاتدا دەبێت فەرمانبەر بزانێت ئەركی خۆی لە خزمەتكردنی وڵات و نەتەوەكەی چییە.”
دكتۆر كەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتیی باجەكان و خانووبەرەی میری باسی لە جیاوازی كۆكردنەوەی باج و داهات لە نێوان پارێزگاكان كرد و ئاماژەشی بەوە كرد “دەبێت هەموو فەرمانبەرێك پابەندی رێنمایی و بڕیارەكانی وەزارەتەكەی بێت.”
هەر لە راگەیێنراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە بە میكانیزمێكی نوێ و هەڵگرتنی گیرگرفتەكان باس لە كۆكردنەوەی باج و داهات كرا “تاوەكو چیتر لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە كێشەی سیولە نەمێنێت.”