سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانەسروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان بڵاویكردەوە، كە قسەیان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەکان کردووە، سبەی مۆڵەتی 10 ملیۆن لیتر بەنزین بدەن بە شاسوار عەبدولواحید، با سبەینێ داواکاری هێنانی پێشەکەش بە وەزارەت بکات.

دوای ئەوەی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وتی، كە ڕێگەی پێنادەن بەنزین بێنێت ئەگینا لیتری بە 475 دینار دابەشدەكات، عەلی حەمەساڵح ڕایگەیاند، كە وەك سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانەسروشتییەكان  قسەیان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەکان کردووە، سبەی مۆڵەتی 10 ملیۆن لیتر بەنزین بدەن بە شاسوار عەبدولواحید، چاوەڕێین سبەی داواکاری پێشەکەش بکات.

 

عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانەسروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان لە پەیجی خۆی نوسیویەتی: سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەڵێ: مۆڵەتم بدەنێ بەنزین بھێنم لیترێک دەدەمە 475 دینار، منیش وەک سەرۆکی لیژنەی وەزەو سامانە سروشتیەکان پشتیوانی دەکەم، لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار قسەم کردوە مۆڵەتی پێبدەن، سبەی داواکاری پێشەکەش بکات ئێمەش پشتیوان دەبین بە ھەموو شێوەیەک.

سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانەسروشتییەكان  دەشڵیت: بەڵام من ئەزمونی هەشت ساڵم لە لیژنەی سامانە سروشتیەکان ھەیە، کاری وا زۆر ئەسەتەمە، ئەمڕۆ، تەنێک بەنزین لە بازاڕی جیھان 800 دۆلار بوە، واتە: جگە لە گومرگ گواستەوە قازانجی بازرگان،  لیترێک نزیکەی 900 دینار، تێکەڵی پترۆ کیمیاوی دەکەن بۆ ھەرزان بوونی.

ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە، ڕێگای دروست پاڵاوتنە لە نێوخۆو ڕێگریە لە ھەر قۆرخکاریەک بە بەرھەمی ناوخۆ بکرێت، وەک ئەوەی ئێستا لە ھەولێر نزیکەی دوو ملیۆن لیتری ڕۆژانە بۆ سێ کۆمپانیا قۆرخکراوە.