شارەزایەکی کەشناسی ئاماژە بەوەدەکات کە لە رۆژی سێشەممەی داهاتووەوە بارسەت هەوایەکی سارد ناوچە شاخاوییەکانی سنوریەکانی پارێزگای ھەولێر و دھۆک تا ناوچە شاخاوییەکانی سنوری ئیدارەی راپەرین دەگرێتەوە و پلەکانی گەرماش نزمدەبنەوە.

ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە کە  بەرەبەیانی رۆژی سێشەمە ٢٦-١٠-٢٠٢١ ناوچە شاخاوییەکانی باکور و باکوری رۆژھەڵاتی ھەرێم دەکەوێتەوە ژێر کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەکی ساردی باران و بەفر لە سەرچاوەی( دەریای رەش ) و لەگەڵ ھاتنی بارستە ھەوایەکی زۆر سارد ئەبێتە ھۆی رەخساندنی شەپۆلێکی مامناوەند بۆ لاوازی بارانبارین لە ناوچە شاخاوییەکان و بەتایبەت ناوچە سنوریەکانی پارێزگای ھەولێر و دھۆک تا ناوچە شاخاوییەکانی سنوری ئیدارەی راپەرین دەگرێتەوە .

ئەو شارەزایە ئاماژەی بەوەشکردووە، پلەکانی گەرماش لەو ناوچانەدا بەرێژەی ٥ تا ٧ پلە نزمدەبنەوە وکە هۆکارە بۆ بارینی بەفر بە رێژەی کەم و جیاجیا لە لوتکەی شاخەکاندا بەتایبەت لەبەرزی زیاتر لە ٢٥٠٠م لە ئاستی ڕووی دەریا .

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە کاریگەری ئەم نزمەپاڵەپەستۆیە بەدەر لە ناوچە شاخاویەکانی ئەو سێ سنورە کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێکردوە کاریگەری نابێت یان زۆر لاواز ئەبێت لەسەر ناوچە نزمەکان وەک سەنتەری پارێزگاکان و ناوچەکانی دیکەی ھەرێم ھەم لەرووی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما و بارانبارینەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لەم شەپۆلەدا بەتایبەت لە کوردستانی باکور و باکوری رۆژئاوای وڵاتی ئێران پێشبینی بارینی بارانێکی زۆر و ھاوکات بەفر بارینی چڕ دەکرێت لە شاخەکاندا و لەبەر ئەوەی راستەوخۆ چەقی نزمەپاڵەپەستۆکە و بارستە ھەوا ساردەکە لەم ناوچانەدا قوڵدەبێتەوە کاریگەرییە لاوەکییەکانی لەسەر باکور و باکوری رۆژھەڵاتی ھەرێمیش درێژدەبێتەوە.

لە کۆتاییدا ئەوەشخراوەتەڕوو کە ماوەی ئەم نزمەپاڵەپەستۆیە کورت خایان ئەبێت لەکاتەکانی شەودا کۆتای پێدێت و رۆژی چوارشەمە ٢٧-١٠-٢٠٢١، کەش ئاسایی ئەبێتەوە .