سنورمیدیا
دوای ئەوەی لە پۆستێكی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك داوای لە قوباد تاڵەبانی، كردووە گۆڕانكاری لە ئیدارەی گەرمیان و پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت بكرێت، ئەفسەرێكی باڵای پۆلیسی دارستان لەناو فەرمانگەكەی خۆی دەستبەسەر كراوە.
ئەركان رەحمان، مقەدەم لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستانی گەرمیان لە پۆستێك لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك داوای لە قوباد تاڵەبانی كردووە، گۆڕانكاری لە پۆستەكانی ئیدارەی گەرمیان بكات و وازیش لە پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت بهێنێت و لەبری ئەوە پۆستێكی دیكە وەربگرێت.
هەر پاش بڵاوبوونەوەی ئەو پۆستەی مقەدەم ئەركان لەناو فەرمانگەكەی خۆی رادەگیرێت و بڕیارە لێكۆڵینەوەی لەگەڵ بكرێت.
لەوبارەیەوە عەمید شوان محەمەد رەشید، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستانی گەرمیان بە سنورمیدیای وت” لەسەر بڵاوكردنەوەی پۆستێك لە فەیسبوكی خۆی و لەسەر سكاڵای ئیدارەی گەرمیان، مقەدەم ئەركان رەحمان، تا كۆتایی هاتنی لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیدا لە فەرمانگەكەمان دەمێنێتەوە”.
وتیشی” تەنها ئیدارەی گەرمیان لەسەر ئەو پۆستە سكاڵای لەسەر تۆماركردووە و چاوەڕێی ئەنجامی لێكۆڵێنەوەین”.
دەقی پۆستەكەی مقەدەم ئەركان رەحیم:
بەڕێز جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێم
گۆڕینی بەرپرسانی حکومەت و گۆڕینی نوسینگەی تایبەتیت و ڕاوێژکاران و ئەوانەی نوێنەرایەتیت دەکەن کە بەڕێزتان بڕیارتان لەسەری داوە دڵنیام پێشوازیەکی گەرمی لێدەکرێت لەلایەن جەماوەرەوە بەتایبەت گۆڕینی بەڕێز خودی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانیش لەبیر مەکەن جا لێرەشەوە پێشنیارێکی ترم هەیە گەر گۆڕانکاریەکە خودی بەڕێزتانیش بگرێتەوە دڵنیام پێشوازی گەرمتری لێدەکرێت خۆ ناکرێت تاکو قەرەی قیامەت بەجێگری بمێنیتەوە بەپێێ ڕێکەوتن دەکرێت سەرۆکی هەرێم یاخود هەر بەرپرسیاریەتیەک کە شایەنی ئێوە بێت لەداهاتوو وەریبگرن .
تێبینی / نان و پیاز خۆرەکان گەردنتان ئازاش بێت دڵنیام نان و پیازیشی پێوە دەخۆن .