ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێت، هەڵسەنگاندن و پاداشت و لێپرسینەوە بەشێكی گرنگ دەبن لە بڕیار و ستراتیجی مەكتەبی سیاسیی و سەركردایەتی یەكێتی.

لەبارەی بەستنی پلینوم و كۆنگرە و كەمكردنەوەی ئەندامانی سەركردایەتی، سكرتاریەتی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە كرد ئەو دەنگۆیانەی لە سۆشیال میدیا باس لە بەستنی پلینوم و كۆنگرە و كەمكردنەوەی ئەندامانی سەركردایەتی دەكەن، دوورن لەڕاستییەوە و هیچ بنەمایەكی راستییان نییە.

ستران عەبدوڵڵا، سەرپەرشتیاری مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی وێرای تەئكیدكردنەوەی لەسەر سێ بەدرۆخستنەوەكەی  سكرتاریەتی ئەنجومەنی سەركردایەتی بە میدیای فەرمی حزبەكەی راگەیاندووە:” زۆر جار سۆشیال میدیاكان بۆ بازاڕگەرمی یان بۆ  مەزەندە و تاقیكردنەوە ئەو دەنگۆیانه بڵاودەكەنەوە كە ھیچ راست و رەسمیی نین، بۆیە  ئەنجومەنی سەركردایەتی لە رێگەی سكرتاریەتەكەیەوە بەگرنگیزانی ئەو روونكردنەوەیە بڵاوبكاتەوە چونكە ئەو دەنگۆیانە هیچ بنەمایەكی راستییان تێدا نییە.”

وتیشی:” بێگومان یەكێتی گۆڕانكاری دەكات لەئەجێندای كاری خۆی و بەرنامەی پێویستیش بۆ قۆناغی نوێی دوای ھەڵبژاردنەكان دادەنێ و ھەڵسەنگاندن بۆ ئەدای دامەزراوەكان و مەكتەب و مەڵبەندەكانی دەكات ، بەڵام ھەواڵ و زانیاری لەسەر بەستنی پلینوم و كۆنگرەو كەمكردنەوەی ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی دوورن لەراستییەوە.”

ستران عەبدوڵڵا دەڵێت:” هەڵسەنگاندن و پاداشت و لێپرسینەوە بەشێكی گرنگ دەبن لە بڕیار و ستراتیجی مەكتەبی سیاسیی و سەركردایەتی یەكێتی ، گۆڕانكاری پێویستیش  دەكرێت بەڵام ئەمە بە رێكارە حزبییە ئوسوڵییەكان نەك بە تەخەمینی سۆشیال میدیا و پەیجە جۆراوجۆرەكان.