سکرتێری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، یەکێتی هەوڵی چارەسەکردنی کێشەکانی دەدات و نەخشەڕێگەیەکیشیان بۆ چارەسەری ئەو کێشانە هەیە. دەشڵێت “یەکدی بینینی هاوسەرۆکان لە داهاتوویەکی نزیکدا بژاردەیەکە و هەوڵی ئەوە دەدەین ئەوە بێتەدی.”
 
فەرید ئەسەسەرد، سکرتێری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی وتی، ” ئەجێندای کۆبوونەوەکە زۆر قەرەباڵخ بوو و زۆر بابەتی گرنگی تێدا باسکرا، لەوانە باسی بەغدا، پەیوەندییە ناوخۆییەکان و کێشەکانی یەکێتی و کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کرا و بڕیاری پێویستی لەبارەوە دراوە.”
 
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هیچ راگەیێنراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ نابێت، فەرید ئەسەسەرد دەشڵێت “ئەوەی باسکراوە بەکردەوە جێبەجێی دەکەین، هەندێکیشی تاوتوێ بوو.”
 
لەبارەی ئەوەی کە لە کۆبوونەوەکەدا باسی هەڵبژاردن کراوە، فەرید ئەسەسەرد دەڵێت “بە دڵنیاییەوە یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکان باسی هەڵبژاردن بوو و باسمان کرد.”
 
دەشڵێت “بە کێشەیەکی گەورەوە چووینە نێو هەڵبژاردن، ئێمە بە هەموو توانای خۆمان توانیمان ئەو ئەنجامە بەدەستبهێنین، چونکە ئەگەر ئەو کێشەیە نەبوایە رەنگە 10 کورسی دیکەشمان بەدەستهێنابایە، ئەگەر ئەو کێشانەش نەبوایە ئەنجامی باشترمان بەدەستدەهێنا.”
 
لەبارەی کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی، فەرید ئەسەسەرد وتی “کێشەیەکە ناتوانین نکۆڵی لێبکەین، بەڵام بە دڵنیاییەوە چارەسەری ئەو کێشەیە دەکەین و لەم کۆبوونەوەیەش بە دڵنیاییەوە باسی ئەو کێشەیە کرا و نەخشەڕێگەیەکیشمان بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە هەیە.”
 
لەبارەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی، فەرید ئەسەسەرد رایگەیاند “زۆربەی بۆچوونەکان بۆ ئەوە بووە کە کات بۆ ئەم کۆبوونەوەیە زۆر گونجاو نییە، لەبەر ئەو هەلومەرجەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان و بەغدا هەیە ناتوانین لە هەرێمی کوردستان و بەغداش شەڕی بۆ بکەین. بۆیە نازانین رەوشی عێراق چی لێدێت، هەموو لایەنە سیاسییەکانیش هەر کێشەیەکیان هەبێت خسوویانەتە دوای چارەسەرکردنی دۆخەکە.”
 
بەوتەی فەرید ئەسەسەرد ئەوان نەخشەڕێگایەکیان چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆییەکان یەکێتی داناوە و دەشڵێت “لە داهاتوویەکی نزیکدا هەوڵی یەکدی بینینی هاوسەرۆکان بژاردەیەکە و هەوڵی ئەوە دەدەین ئەوە بێتەدی.”
 
دەشڵێت “ئەم دانیشتنە دەبێت بکرێت و بەرنامەکە ئەوەیە دەبێت ئەو دوو جوامێرە دابنیشن و چارەسەری کێشەکانیان بکەن، دەمانەوێت کێشەی نێوانیان کۆتایی پێبێت. هەوڵێکی جیدییش هەیە بۆ چارەسەری کێشەکانیان و هانمانداون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان.”
 
سەبارەت بەوەی کە ئەوان پێشبینی ئەوە دەکەن لاهوور شێخ جەنگی لە یەکێتی جیاببێتەوە و لیستێک بۆخۆی دروست بکات؟ فەرید ئەسەسەرد دەڵێت “ئێستا ناتوانین پێشبینی ئەوە بکەین، بەڵام لە کاتی دروستبوونی کێشە هەر لایەنێک چەند بژاردەیەکی لە پێش دەبێت و کامیان هەڵدەبژێرێت پەیوەندی بە خۆیەوە دەبێت، بەڵام ئێستا هەوڵدەدەین بگەینە رێککەوتنێک کە چارەسەرێکی بنەڕەتی بێت و کێشەی لێنەکەوێتەوە.”
 
سکرتێری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راشیدەگەیێنێت ” تاوەکو ئێستا بە وردی ئێمە نازانین چەند کورسیمان هەیە، لە بەغدا هێشتا کێشە هەیە و ئەنجامەکان یەکلایی نەبوونەتەوە.”
 
“ژەهرخواردکردنی بافڵ تاڵەبانی یەکلایی نەبووەتەوە”
 
سەبارەت بە بابەتی ژەهرخواردنکردن لەنێو یەکێتی، بێستوون عوسمان لێی پرسی “باس لەوە دەکرێت دوو سەرکردەی دیکەی یەکێتی ژەهرخواردکرابن”، فەرید ئەسەسەرد گوتی “ئەوە دەبێت لیژنەی بۆ دابنرێت و راپۆرتی دەوێت، دواتر دەبێت بڕیار لەسەر ئەوە بدەین، ئەوەش کەیسێکە پەیوەندی بە یاسا و پسپۆڕان و پزیشکانەوە هەیە. دوای ئەوەی راپۆرتەکان تەواودەبن ئینجا ئەوە یەکلایی دەبێتەوە.”
 
دەشڵێت “بافڵ تاڵەبانی هەوڵی ئەوەی داوە ئەو بەڵگانەی خۆی بهێنێت و ئێمە سەیریان بکەین، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەوەم نەبینیوە.”
 
لە دوێنێوە لایەنگرانی حەشدی شەعبی خۆپێشاندان دژی ئەنجامەکان دەکەن و لە ناوچەی سەوز خێوەتیان هەڵداوە، سەبارەت بە حکومەتی نوێی عێراق و ئەو دۆخەی ئێستا لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق هەیە، فەرید ئەسەسەرد دەڵێت “حەشدی شەعبی چەکدارە و لایەنگرانی سەدریش هێزی چەکداریان نییە، بۆیە شەڕێک رووبدات لەنێوان سەدر و حەشدی شەعبی روودەدات. لە هەموو حاڵەتێکیشدا ئەوەیە کێشەکە زیانێکی گەورەی بۆ شیعە دەبێت و ئەگەر بدۆڕێن هەموویان دەدۆڕێن، بۆیە سازانێک زۆر پێویستە بۆ ئەوان.”
 
سکرتێری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی وتی “سەردانی پارتی بۆ لای ئێمە گرنگ بوو، دەمانزانی ئەوان چی دەڵێن، ئێمە هەموو جارێک کۆمەڵێک شت باس دەکەین هەر دووبارە دەبێتەوە، بۆیە ئەگەر لاواز بین ئەو دەستکەوتانەی هەیە رەنگە لەدەستی بدەین، لەبەرئەوە پێویستە لایەنەکان لە هەرێمی کوردستان تەبا بن.”
 
“پێداگرین لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق”
 
فەرید ئەسەسەرد سەبارەت بە پۆستی سەرۆککۆمار وتی کە بنچینەکە روونە و “ئێمە 15 ساڵە سیستمێکمان هەیە و دەمانەوێت ئەوە بەردەوام بێت، پێشتر لەنێوان پارتی و یەکێتی رێککەوتنێک کراوە کە پۆستی سەرۆککۆمار بۆ ئێمە بێت و پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پارتی بێت.”