ئەمڕۆ سێشەممە دادگای هەولێر دانیشتنێکی دیکەی لەبارەی دۆسیەی دەستگیرکردنی بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی ئەنجامدا و هەردوو دەستگیراوەکەی بە ساڵێک بەندکردن سزادا، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی ماوەی زیاتر لەساڵێکە لەزیندانن و ئەو ماوەیەیان بۆ هەژمارکراوە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتودا ئازاد بکرێن.
ئاسۆ هاشم، پارێزەری دەستگیرکراوانی بادینان بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، لە دانیشتنی ئەمڕۆی دادگای تاوانی هەولێردا بڕیاردرا هەردوو تۆمەتباران مامۆستا بەدەل بەرواری و ئومێد بەڕۆشکی، ساڵێک زیندانی بکرێن، بەڵام “بەهۆی ئەوەی نزیکەی ساڵێک راگیرابوون، ماوەیەکی دیکە ئازاد دەکرێن”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “بەدەل بەرواری دوای 36 رۆژی دیکە و ئومێد بەرۆشکی دوای شەش رۆژی دیکە ئازاد دەکرێن”.
پێشووتر هەریەكە لە بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی بە ماددەی 1/ یەكەم لە یاسای ژمارە 23ی ساڵی 2003 دادگایی کرابوون کە پەیوەستە بە تێكدانی ئارامیی هەرێمی كوردستان، بەڵام لەدانیشتنی ئەمڕۆی دادگادا دۆسییەکەیان بەگوێرەی ماددەی 222 لەیاسای سزادانی عێراقی یەکلایی کرایەوە.