دوای ئەوەی له کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی نێوان شاندی پارتی و مەلا بەختیاردا بە تەنزەوە باس له یەک کورسییەکەی کۆمەڵ و هەڵوێستی لەسەر بەشدارینەکردنی له هیچ هاوپەیمانیەتییەک بۆ پێکهێنانی حکومەت کرا، وتەبێژی کۆمەڵ وەڵامی فازڵ میرانی و مەلا بەختیار دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، “ئامۆژگاریتان ئەکەم لە کۆبوونەوەکان وریای قسەکانتان بن”.
محەممەد حەکیم، وتەبێژی کۆمەڵی دادگەری کوردستان لەراگەیەنراوێکدا وەڵامی هەر یەک لەو دوو بەرپرسه باڵایەی یەکێتی و پارتی داوەتەوە و ئاماژەی بەوەکردوە، “کاک مەلا بەختیار لە بری گاڵتەکردن بە کۆمەڵ خەمی حزبەکەی خۆت بخۆ.”
دەشڵێت، “کاک فازڵ میرانی، من وتەبێژی کۆمەڵم و ڕەئی جەنابی سەرۆک و ئەنجومەنی باڵای حزب ڕادەگەیەنم، لە نێو حزبێکی خواپەرست نەک شەخس پەرست.”
لەبارەی باسکردنی حزبەکەشی لەو کۆبونەوەیەدا وتەبێژی کۆمەڵی دادگەری کوردستان باسی لەوەکردوە، “ئامۆژگاریتان ئەکەم لە کۆبونەوەکان وریای قسەکانتان بن، نەبادا باسی سەرۆکەکان بکەن، دواتر قسەکان بگاتەوە جێی خۆیی و ژیانتان بکەوێتە مەترسییەوە.”
مەلا بەختیار و فازڵ میرانی لەکۆبونەوەی ئەمڕۆیاندا سەبارەت بە کۆمەڵی دادگەری چیان وت؟
مەحمود محەمەد (وتەبێژی پارتی): ئەمڕۆ کۆمەڵی دادگەری ئیعلانی کرد کە حازر نین هیچ گفتوگۆیەک لەسەر کابینەی تازەی حکومەت (حکومەتی عێراق) بکەن.
فازڵ میرانی: شەرت نیە هەرچی محەمەد حەکیم بڵێت، وابێت.
مەلا بەختیار بە (پێکەنینەوە): وەڵا ئەوە بۆ خۆشیان واقیعەتێکی تێدایە ئەو مەسەلەیە، بە یەک کورسییەوە گفتوگۆی چی بکەن.