پاش كۆبوونەوەی وەفدی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان هەر دوو وتەبێژی یەكێتی و پارتی لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا بەشدارییان كرد و ڕایانگەیاند: ئامانجی هەردوولا یەكڕیزییە.
ئەمین بابە شێخ وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایگەیاند: پۆستی سەرۆك كۆماری هی یەكێتییە و باوەڕ ناكەم گرفتێك لەوبارەیەوە هەبێت و شایستە داراییەكان و مافەكانی خەڵكە ئەولەویەتە بۆ یەكێتی نەك پۆست.
وتەبێژی یەكێتی وتیشی: لەهەرێم و بەغدا پێویستمان بە یەكڕیزییە و لەوبارەیەوە سەردانی هەموو لایەنەكان دەكەین و هەموو هەوڵەكانمان ئەوەیە كە كورد یەكڕیز بیت و لەئێستاشدا وەفدێكمان لەبەغدایە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكان.
ئەمین بابە شێخ وتیشی: هەموو هەوڵمان ئەوەیە یەكڕیز و بە یەك بەرنامەی كوردستانی بچینە بەغدا و لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا باسمان لە هەڵبژاردن و پێكهێنانی حكومەتی عیراقمان كرد.
مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: سەردانێكی دۆستانەی یەكێتیمان كرد بۆ ڕەوینەوەی نیگەرانییەكان و پێویستمان بە دانیشتن هەبوو و هەروەها سەردانی لایەنەكانی دیكەی كوردستانیش دەكەین .
وتەبێژی پارتی وتیشی: ئامانجی یەكێتی و پارتی یەكڕیزییە و گفتوگۆمان لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمار نەكردووە، بەڵام پۆستی سەرۆك كۆماری پشكی كوردە.
مەحمود محەمەد وتیشی: لیژنەی هاوبەش لەنێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا پێكهاتووە بۆ ئاساییكردنەوەی ڕەوشی كورد.
بەیانی ئەمڕۆ وەفدێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان گەیشتە مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە شاری سلێمانی.