شەپۆلی چوارهەمی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە رۆژئاوای کوردستان كەوتۆتە ئاستێكی مەترسیدارەوە.
بەپێی دەستەی تەندروستی 50٪ ی تاقیكردنەوەكانی PCR ئەرێنین و ژمارەی ڤاكسینی دژە كۆرۆناش زۆر كەمە.
بێریڤان دەرویش جێگری هاوسەرۆكایەتی دەستەی تەندروستی لە هەرێمی جەزیرە ڕایگەیاند ” هەتا ئێستا ژمارەیەكی زۆر كەمی ڤاكسینی كۆرۆنا گەیشتووەتە دەستیان و برەكە تەنها 55 هەزار ڤاكسینە، ئەم ژمارەیە زۆر كەمە تەنانەت بەشی كارمەندانی تەندروستیشی نەكردووە.
لە كۆتایی مانگی نۆدا زۆرترین ڕێژەی تاقیكردنەوەی ئەرێنی تۆماركراوە، هەروەها ڕێژەی ئەو كەسانەی كە لە باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە بە بەراورد لەگەڵ سەرەتای مانگی ڕاردوو حەوت هێند زیادی كردووە.
لەلایەكی ترەوە كەرەستەی پێویستی تاقیكردنەوەی PCR بە شێوەیەكی بەرچاو كەمیان كردووە بۆ تا ئەندازەیەك كە بەرپرسان دەڵێن ئەگەر لەو ئاستە بەردەوام بێت ئەوا دوور نییە ژووری چاودێری كۆرۆنا لە كاربكەوێت.
بە پێی داتای دەستەی تەندروستی لە هەرێمەكانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەردا هەتا 11 ی ئەم مانگە 30 هەزار و 569 كەس توشی كۆرۆنا بوون كە لەو ژمارەیەدا 2 هەزارو 261 كەس چاكبوونەتەوە و 1،038 كەسیش گیانیان لەدەستداوە.