حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕی زیاتر لە 15 ملیارو 800 ملیۆن دینار بۆ جێبەجێكردنی چەند پرۆژەیەكی خزمەتگوزاری لەسنووری ئیدارەی گەرمیان تەرخان دەكات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە چوارچێوەی بەرژەوەندی گشتی و جێبەجێكردنی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەمەبەستی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیانی كوردستان، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بڕیاریدا بە تەرخانكردن و خەرجكردنی گوژمەی 15 ملیار و 826 ملیۆن دینار بۆ جێبەجێكردنی چەندین پڕۆژە لە سێكتەرە جیاجیاكانی (ڕێگەوبان، ئاو، تەندروستی، شارەوانیەكان، پەروەردە، ئاودێری، كارەبا و ئاوەدانكردنەوە) لە ئیدارەی گەرمیان.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەم بڕە پارەیە بە شێوەی نەختینەو قۆناغ بە قۆناغ لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی ئیدارەی گەرمیان خەرج دەكرێت.