کۆمپانیای فەیسبووک لیستی کەسایەتی و رێکخراوە “مەترسیدارەکان” بڵاودەکاتەوە، کە چەندین کەسایەتیی کوردی تێیدایە، لەوانەش: ئیسماعیل سووسەیی، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، باهۆز ئەردای، دووران کالکان، مەزڵوم دۆگان، مورات قەرەیلان و ساکینە جانسز.
لیستەکەی کۆمپانیای فەیسبووک ناوی نزیکەی چوار هەزار کەسایەتی و رێکخراوی تێدایە کە پۆستکردن و بانگەشەکردن بۆیان قەدەخەیە، لیستەکە بەسەر چەندین گرووپ پۆلێنکراون کە “رق، تاوان، تیرۆر، بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی چەکداری، رێکخراوی تووندئاژۆ” لەخۆدەگرێت و بەسەر سێ لیستدا دابەشکراون.
بەپێی یاساکانی فەیسبووک ئەو کەسانەی بانگەشە بۆ ئەو کەس و رێکخراوانە دەکەن، پۆستەکانیان دەسڕێدرێتەوە یان هەژمارەکەیان لەکاردەخرێت.
ئیسماعیل سووسەیی، گوتاربێژی پێشووی مزگەوتێک لە گەڕەکی ئاشتیی هەولێر بوو کە لە 2018ـەوە بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە داعشەوە دەستگیرکراوە.
هەروەها چەندین کەسایەتی و رێکخراوی سەر بە پەکەکە کە فەیسبووک بلۆکی کردوون و رێگەش نادات کار و چالاکییان لە تۆڕەکە لەسەر بڵاوبکرێتەوە، لەنێویاندا تەلەڤزیۆنی گەریلا، کۆما چڤاکێن کوردستان، پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان، کۆمەڵێن جوان، پارتی کرێکارانی کوردستان، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، باهۆز ئەردای، دووران کالکان، مەزڵوم دۆگان، مورات قەرەیلان و ساکینە جانسز سەر بە پارتی ژنانی لاوی نیشتمانیی دیموکرات.
گرووپە پەڕگیرەکان لە لیستەکەی فەیسبووک پشکی شێریان بەر دەکەوێت کە بەشی زۆریان لەلایەن ئەمریکاوە خراونەتە لیستی تیرۆرەوە، لەنێویاندا: دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بە داعش، داعشی خۆراسان، حەماس، قاعیدە، حیزبوڵڵای لوبنانی، حیزبوڵڵای عێراقی، چەند دامەزراوەیەکی سەر بە حوسییەکانی یەمەن، چەند میدیایەکی سەربە گرووپی پەڕگیری شەباب لە ئەفریقیا. لەگەڵ میدیا و کەسایەتییەکان کە سەر بە دەستەی تەحریر شامی سووریا و گرووپی ئەنسارولئیسلام لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا.
لیستی یەکەم: تەواوی چەتەکانی ئەمریکا و ئەمریکای لاتین لە بازرگانانی ماددەی هۆشبەر، لەخۆدەگرێت، 70٪ی لیستی یەکەم لەلایەن فەیسبووکەوە بە تیرۆرست ناوبراون. فەیسبووک زۆربەی ناوەکانی لە لیستی تیرۆری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا وەرگرتووە.
لیستی دووەم “لایەنی ناحکومی تووندئاژۆ”: ئەو گرووپە چەکدارانە دەگرێتەوە کە دەستیان لە تووندئاژۆیی و بە ئامانجگرتنی دامودەزگا حکومییەکان هەیە، وەکو چەندین گرووپی چەکداری پەڕگیر کە دەستیان لە خوێنڕشتنەکانی شەڕی سووریا هەبووە.
لیستی سێیەم تووندئاژۆ نین، بەڵام دەستیان لە بڵاوکردنەوەی رق و کینە هەیە، هەندێ لەو رق و کینانە مەترسیان لێدەکرێت زوو پەل بۆ تووندئاژۆیی بهاوێژن.
فەیسبووک لە ساڵی 2012ەوە سیاسەتی لابردنی کار و چالاکیی گرووپە پەڕگیرەکانی لە سەر تۆڕەکەی ناساندووە، بەڵام تا ئەمدواییانە رەتیدەکردەوە ناوی کەسایەتی و رێکخراوەکان ئاشکرابکات کە بە بڵاوکردنەوەی رق و کینە و تووندئاژۆیی تۆمەتباردەکرێن.
تۆڕە کۆمەڵاتییەکە دوای زەنگی هۆشیارکردنەوە لەلایەن کۆنگرێسەوە لە ساڵی 2012 تایبەتمەندیێکی بۆ تۆڕەکەی زیادکرد بەناوی Community Standards، لەوێوە سەتان کارمەندی بۆ تەرخانکرد بۆ ئەوەی کار لەسەر لابردنی هەرچی نووسینە بکەن کە گرووپە پەڕگیرەکان بڵاویدەکەنەوە.
لەگەڵ زیادبوونی گرووپ و رێکخراوەکان و جیابوونەوەی چەندین لق و پۆپ لێیان، فەیسبووک سیاسەتی کەسایەتی و رێکخراوە مەترسیدارەکانی ناساند کە کاریان چاودێریکردنی کار و چالاکی 3 ملیار بەکارهێنەرە لە هەر وشە و گوفتارێک لەسەر مژارە گەرمەکان لە دەمیان دێتە دەرەوە و بڵاوی دەکەنەوە.
چاودێرییەکانی ئەمدواییەی فەیسبووک و قەدەخەکردنیان ستایشکردنی هاندانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بۆ سەر کۆنگرێسی ئەمریکا و ستایشکردنی جینۆسایدی میانمار و کارەکانی ئەدۆڵف هیتلەر، سەرۆکی نازییەکانی ئەڵمانیا و ئەو گرووپە پەڕگیرانە دەگرێتەوە کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە سەرکۆنە کراون.
قەدەخەکردنی نزیکەی 4000 کەسایەتی و رێکخراو لەلایەن فەیسبووکەوە، هەروەها لابردنی ئەو پۆستانەی لەبارەی ئەو کەسایەتیانەن لەسەر تۆڕەکە بەناوی سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بەلای شارەزایان بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و نایەکسان ئەنجامدراوە، رەخنەگران دەڵێن، لەو لیستەدا ناوی خەڵک و گرووپ و کەسایەتیی سیاسی، نووسەر و رێکخراوی خێرخوازی، نەخۆشخانە و سەتان چالاکیی میوزیکی و کەسایەتیی مێژوویی هەن کە چەندین ساڵە مردوون.
بەشێک لە شارەزایانی بواری تەکنەلۆژیا رەخنەیان لەوە دەگرت کە فەیسبووک تاوەکو ئەمدواییانە رەتیدەکردەوە ناوی کەسایەتی و گرووپە مەترسیدارەکان بڵاوبکاتەوە، ئەوەش بە پاساوی ئەوەی کە ژیانی کارمەندەکانیان دەکەوێتە مەترسییەوە.
فەیزا پاتێل، بەڕێوەبەری سەنتەری برینان بۆ بەرنامەی ئازادیی دادپەروەری و ئاسایشی نیشتمانی یەکێکە لەو رەخنەگرانەی دەڵێت، فەیسبووک خەڵک دەخاتە دۆخێکی ناخۆشەوە کاتێک پێیان دەڵێت کە ناتوانن پۆست لەبارەی کەسایەتی و گرووپە مەترسیدارەکان بکەن و ناوی گرووپ و کەسایەتییەکانیش بڵاونەکاتەوە.
سەرچاوە: ڕووداو