دوای ئەوەی 5ی ئەم مانگە تەرمی هاوڵاتییەک کە پۆلیسی لقی 12ی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو لەنزیک بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەڵەبجە دۆزرایەوە، ئەمڕۆ هەینی پۆلیسی هەڵەبجە زانیاری نوێی لەبارەی رووداوەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پۆلیسەکە بە “هاوکاریی خێزانەکەی” کوژراوە.
بەرزان عوسمان، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، دوێنێ تۆمەتباری سەرەکی رووداوەکە و سێ تۆمەتباری دیکە دەستگیرکراون، تۆمەتباری سەرەکی لە گوندی پاڵەنیا سەر بە شارەدێی تەوێڵە دەستگیرکراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، تۆمەتباری سەرەکی رووداوەکە ناوی “ق. ع. م”ە و تەمەنی 56 ساڵە و دانیشتووی گەڕەکی شارەوانیی هەڵەبجەیە، “تۆمەتبار و تاوانلێکراو پێشتر هاتووچۆ و تێکەڵی هەبووە لەنێوانیاندا و هەندێک کێشە و عاجزی لەنێوانیاندا هەبووە”.
وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕو، “هاسەری کوژراو بە شێوەیەک لە شێوەکان دانی بەوەدا ناوە کە هاوکاریی بکوژەکەی کردووە و هاوکاریکردنەکەش بەو شێوەیە کە شەوی رووداوەکە تەلەفۆنی بۆ کردووە بەناوی بردن بۆ سلێمانی بۆ وەرگرتنی سولفە و لە ماڵەوە بردوویەتیە دەرەوە”.