پارتی دیموكراتی كوردستان پێناسی دەنگدان بۆ هێزی ڕۆژ و هێزەكانی حسێن یەزدان پەنا دروستكردووە و لە دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ بەو حزبە دەدەن.
 
ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێکدا رایگەیاندوە، “هێزەكانی ڕۆژ و هێزەكەی حسێن یەزدان پەنا، پێناسی باری شارستانییان بۆ دروستكراوە و مووچەش وەردەگرن، جگە لەوەش كارتی دەنگدانیان بۆ دەركراوە و بەشداریی هەڵبژاردن دەكەن”.
 
باسی لەوەشکرد “ئەو دوو هێزە لە سوریا و ئێرانەوە هاتوون و ڕەگەزنامەی ئەو دوو وڵاتەیان هەبووە، بۆیە نابێت بەشداریی هەڵبژاردن بكەن و ئەوە پێچەوانەی دەستوور و یاسای عێراقە”.
 
وتوشیەتی “بەهەزاران هاوڵاتیی ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا و باكووری كوردستان پێناسی باری شارستانی و ڕەگەزنامەی عێراقییان بۆ كراوە، بۆیە قورسە كۆمسیۆن ئەوەی بۆ دەركەوێت هاوڵاتیی بیانین، یان عێراقی نین”.
 
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو، کە “تائێستا لەسەر ئەو پرسە ڕایگشتی و پەرلەمانیش بێدەنگە”، بەڵام پێیوایە، “ئێستاش ئەگەر ئیرادەیەكی سیاسیی بەهێز هەبێت، دەتوانرێت لەڕووی یاساییەوە ڕێگرییان لێبكرێت بەشداریی هەڵبژاردن بكەن”.