بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ھاتنەوەی (جەژنی جەما) پیرۆزبایی نامەیەک ئاڕاستەی ئێزدییەکان دەکات و رایدەگەیەنێت،  یەکێتیی پشتیوانی دەکات لە داواکاری و خواستی خوشک و برایانی ئێزدی بۆ قەرەبوکردنەوە و ئاسایکردنەوەی ژیان لە شەنگال و سۆراغکردنی بێسەروشوێنان و بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش کە دەرحەق بە ئێزدییەکان ئەنجامیاندا.

بافڵ تاڵەبانی لەپەیامێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، “خوشک و برا  ئێزدییەکان لە ھەرێمی کوردستان، عێراق و جیھان، بەبۆنەی ھاتنەوەی (جەژنی جەما) گەرمترین پیرۆزبایتان لێدەکەم، ھیوادارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی خۆشی و شادیتان و لەکەشێکی ئارام و پڕ ئاسایشدا رۆژانی جەژن بەڕێبکەن. ئەم بۆنەیەش ھەنگاوێک بێت بۆ سارێژبونی برینی کارەساتی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان و ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.”

ئاماژەی بەوەشکردوە، “یەکێتی داکۆکیکار دەبێت بۆ پاراستنی کەلتور و رەسەنایەتی ئاینی ئێزدییەکان، کە نمونەیەکە لە جوانی وێنا گەورەکەی ھەرێمی کوردستان، بۆ یەکترقبوڵکردن و پێکەوەژیانی ھەمو ئاین، نەتەوە و پێکھاتە جیاوازەکان. ھەر شادبن و لە جەژن و خۆشیدابن.”

جەژنی جەما یەکێکە لە جەژنەکانی ئێزدییەکان، ئەم جەژنە لە مانگی 10 دەستپێدەکات و ماوەی 7 رۆژ دەخایەنێت. چەندین رێوڕەسمی ئایینی ئێزدییەکان لەم جەژنەدا بەڕێوەدەچێت. کە پەیڕەوانی ئەم ئایینە لە سەرتاسەری جیهان رو لە پەرستگەی لالش دەکەن.

رێورەسمەکانی جەژنی جەمای ئێزدی هاوشێوەی رێورەسمەکانی حەجە لە ئایینی ئیسلامدا، چۆن لە ئیسلامدا ئاوی زەمزەم هەیە، بە هەمان شێوە ئاوی کانیی سپی لەلایەن  ئێزدییەکانەوە پیرۆزە.

هەمو کەسێک دەبێ لە ژیانیدا جارێک بە ئاوی کانیی سپی مۆر بکرێت، هەروەها ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتن، ساڵانە دەگەڕێنەوەو بە ئاوی کانییەکە خۆیان مۆردەکەن. جگە لەوەش ئەو کەسانەی لە دەستی داعش رزگاردەکرێن، بە ئاوی کانییەکە مۆردەکرێنەوە، بۆ ئەوەی خودا لە گوناهەکانیان خۆشبێت.