ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی بڕیاریدا كە پڕۆسەی خوێندنی خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی بۆ ساڵی خوێندنی 2021- 2022 لە ڕێكەوتی 16-10-2021 دەستپێدەكات.
لەڕاگەیەنراوێكدا زانكۆی سلێمانی ڕایگەیاند: لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی بە كۆی دەنگ بڕیاردرا كە پڕۆسەی خوێندن بە شێوەی خوێندنی ناو كەمپەس بۆ خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی بۆ ساڵی 2021- 2022 لەڕۆژی 16-10-2021 بەپێی خشتەی وانەكان لە كۆلێژەكان دەستپێدەكات.
هەروەها وەك قۆناغی یەكەم بڕیاردراوە كە بەشە ناوخۆییەكان لەڕۆژی 16-10-2021 بەڕووی خوێندكاراندا بكرێتەوە بەو مەرجەی كە خوێندكار ڤاكسینی كۆرۆنای وەرگرتبێت و ڕەچاوی ڕێكارە تەندروستییەكان بكات و كارتی وەرگرتنی كۆتانی ڤاكسینی پێبێت.
لەلایەكی تریشەوە بەمەبەستی ئاسانكاری بۆ خوێندكارانی بەشە ناوخۆییەكان كە تا ئێستا ڤاكسینیان وەرنەگرتووە بە پێی ئەو خشتەیەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بەشەناوخۆییەكانەوە گشتاندنی پێدەكرێت دەتوانن سەردانی مەڵبەندی تەندروستی زانكۆ بكەن لە كەمپی نوێی زانكۆی سلێمانی یان سەردانی هەر سەنتەرێكی دیكەی تایبەت بە پێدانی ڤاكسینی كۆرۆنا بكەن.