باوکی دیلان کۆچەر، ئەو کچەی دوێنێ لەکاتی پەڕینەوەیدا بە شەقامی 120 مەترسی هەولێر کەوتەژێر ئۆتۆمبێلێک و گیانی لەدەستدا ڕەتی دەکاتەوە ڕووداوەکە خۆکوژی بوو بێت وەک ئەوەى وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر گومانی بردوو.

کۆچەر عەبدوڵڵا باوکى دیلان ئەمڕۆ چوارشەممە  ڕاگەیاند، “دیلان دوێنێ لە زانکۆ گەڕاوەتەوە و سەیارە لێداوە، شتەکە قەزا و قەدەر بووە، ئەو هەواڵانە دوورن لە ڕاستیەوە کە دەڵێن خۆکوژى بووە”.

ئاماژەى بەوەشکرد، “دیلان کچێکى بێ کێشە بووە، چەندین جار خوازبێنێکارى هاتووە خۆى ڕەدى کردوەتەوە چونکە زۆر حەزى لە خوێندن بووە لە ماستەر دا.”

ئەوەشى وتى، ئەو شۆفێرەى لە دیلانى داوە کوردێکى ڕۆژاوایە، کەسوکارى هەواڵیان ناردووە ئەمڕۆ بەشدارى پرسەکە بکەن ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا “تا ئێستا بڕیارم نەداوە سکاڵا تۆمار بکەم چونکە بابەتەکە قەزا و قەدەرە”. 

دیلان کۆچەرى تەمەن 21 ساڵ لە قۆناغى سێیەمى کۆلێژى بزسنسى زانکۆى جیهان دەیخوێند، دوێنێ سێشەممە، 5ى تشرینى یەکەمى 2021، لە کاتى پەڕینەوەى لە شەقامى 120ى هەولێدا ئۆتۆمبێل لێى دا و هەر لەوێدا گیانی لەدەستدا، دوای بڵاوکردنەوەى هەواڵەکەى، فازل حاجى لە ڕاگەیاندنى هاتوچۆى هەولێر ڕایگەیاند، گومان دەکرێت گیانلەدەستدانى دیلان خۆکوژی بێت.