لەسەر راسپاردەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی، شاندێكی ئەو حزبە بەسەرۆكایەتی مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی و عارف تەیفور ئەندامی مەكتەبی سیاسی سەردانی شێخ نەهرۆ كەسنەزانی سەرۆكی تەرقەتی كەسنەزانی لەجیهان كرد.

رێکخەرى رۆژنامەوانی سەرۆکى تەریقەتى کەسنەزانی بڵاویکردوەتەوە، شاندەكەی پارتى بە شێخ نەهرۆیان رایانگەیاندوە” پەیوەندی ئێمەو بنەماڵەی شێخ نەهرۆ كەسنەزانی مێژوییە، بۆیە لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی هاتوین و داوای لێناكەین بانگەشەی هەڵبژاردنمان بۆ بكات بەڵكو داوای لێدەكەین دەنگی بخاتە پاڵ دەنگی ئێمە و داوادەكەین ئەو كەسانن هەڵبژێرن كە باشترینن و خزمەت بە میللەت دەكەن”.

ئاماژەى بەوەشکردوە، کە لەبەرامبەردا شێخ نەهرۆ كەسنەزانیش رایگەیاندوە، ئێمە وەكو تەریقەتی كەسنەزانی پاڵپشتی لەهیچ حزبێك ناكەین بەدیاری كراویی و هەموو حزبەكان بەیەك چاو سەیر دەكەین و هەمویان بۆ ئێمە وەكو یەكن و داوادەكەین ئەو كەسانە هەڵبژێرن كە باشترینن و خزمەتی خەڵكی دەكەن.

بەپێی بڵاوکراوەکەى رێکخەرى رۆژنامەوانى شێخ نەهرۆ، نابراو بە شاندەکەى وتووە کە میللەت لێتان عاجزە و ئێوە باوكی میللەتن و ئەوان رۆڵەی ئێوەن و دەبێت ئاشتیان بكەنەوە بەپێشكەشكردنی خزمەتگوزاری باشتر و هێنانە دی ئاواتەكانیان و دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆیان.

بەپێی زانیارییەکانى شارپرێس کە لەسەرچاوەیەکى نزیک لە شێخ نەهرۆ دەستیکەوتووە لە ماوەى چەند مانگی رابردوودا پارتى بەشێوەى راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ هەوڵیان داوە کە شێخ نەهرۆ بەلای خۆیاندا رابکێشن و چەندین ئیمتیاز و دیاریان خستووەتە بەردەمی، بەڵام ناوبراو رەتیکردوەتەوە.