دوای ڕووداوەكانی 8ی تەموز لاهور شێخ جەنگی، دژایەتی هاوپەیمانی كوردستانی دەكرد و كاری بۆ ئەوە دەكرد كورسییەكانی یەكێتی و گۆڕان كەم بكات، ئێستا كەبۆی ڕوونبووەتەوە كورسییەكانی ئەو دوو حزبە كەم ناكات، دەیەوێت بەژداربێت لە بانگەشەی هەڵبژاردن و قاشێك لە كێكی سەركەوتنی ئەو هاوپەیمانییە بۆخۆی ببات.
 
 
ڕووداوەكانی 8ی تەمووز و دژایەتی هاوپەیمانی
 
ڕۆژی 8ی تەموز بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەهۆی خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات، فڕاندنی بازرگانان، بازرگانی قەدەغەكراو، قاچاخچێتی، بڕیاری گۆڕانكاری لە پۆستەكانی بەرپرسی یەكەمی دەزگای ئاسایش و دەزگای دژەتیرۆری دەركردوو هەرزوو ئەژی ئەمین، كرایە بەرپرسی یەكەمی دەزگای زانیاری و وەهاب هەڵەبجەیشی كردە بەرپرسی یەكەمی دەزگای دژەتیرۆر.
 
هەرچەندە لە سەرەتاوە دانی بەم گۆڕانكاریانە نەناو بە كودەتا ناوی دەبرد، بەڵام پاش چەند ڕۆژێك، لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی لەكۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی، بە پێشنیاری برا گەورەكەی ئاراس شێخ جەنگی، كۆی دەسەڵاتەكانی رادەستی بافڵ تاڵەبانی كرد، ئەمەش دەرگای گومانی لەسەر كردەوە.
 
بەژداری بانگەشەی هەڵبژاردن ناكات
 
رۆژی 3-9-2021، لە چاوپێككەوتنێكدا لەگەڵ ژمارەیەك میدیایی كوردستان، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئاشكرایكرد، لاهور شێخ جەنگی، بڕیاریداوە بەژداری بانگەشەی هاوپەیمانی كوردستان نەكات بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
 
لاهور شێخ جەنگی، لەگەڵ دەستپێكردنی بانگەشەی هاوپەیمانی كوردستان، جگەلەوەی پشتیوانی كاندیدەكانی حزبەكەی نەكرد، بەئاشكرا و لە كۆبوونەوە جەماوەرییەكانیدا ئاماژەی بۆ ئەوەدەكرد چاوەڕوانی شكستی هاوپەیمانی كوردستان و كەمبوونەوەی كورسییەكانی یەكێتی و گۆڕانە و دەشیوت”دوای هەڵبژاردن قسەی خۆم دەبێت” و دڵنیابوو لەوەی حزبەكەی شكست دەهێنێت.
 
 
پەشیمان بووەتەوە و دەیەوێت پشتیوانی هاوپەیمانی كوردستان بكات
 
 
پێشبینییەكانی لاهور جەنگی پێچەوانەبوونەوە، دڵنیابووەوە حزبەكەی كورسییەكانی كەم ناكات، ئەمەش ئەوەدەگەیەنێت، یەكێتی بەبێ ناوبراو زیانی بەرناكەوێت، ئەمەش لەدژی لاهور شێخ جەنگییە.
 
سنورمیدیا زانیویەتی، لاهور شێخ جەنگی، داوایكردووە بەفەرمی بانگەشە بۆ یەكێتی و گۆڕان بكات، بەڵام لیژنەی باڵای هاوپەیمانی كوردستان ئەو داوایەیان ڕەتكردووەتەوە.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ لە کەلار مەراسيمێک بۆ هۆز و خزمانی عەشرەتی جاف بە مەبەستی بانگەشەکردن بۆ ليستی هاوپەيمانی لە لايەن مەحمود سەنگاوييەوە رێکخرا، لاهور شێخ جەنگی بە مەبەستی وتاردان و بەشداريکردن لە مەراسيمەکە وەك سۆشیال میدیای نزیك لەخۆی بڵاویانكردەوە، بەهێزێكی 200 كەسی و بە زیاتر لە 30 ئۆتۆمبێلی گولـلە نەبڕەوە چووە کەلار، بەڵام ڕێكخەرانی مەراسیمەكە پێیان باش نەبوو وتار بدات، بەناچاری هەرزوو دوای نیو كاتژمێر لەمانەوەی گەڕایەوە.
 
ئێستا ڕوون بووەتەوە هاوپەیمانی كوردستان توشی ئەو شكستە نابێت كە چاوەڕوانیان دەكرد، بەڵام چارەنوسی لاهور شێخ جەنگی، تائێستا نادیارە و واچاوەڕوان دەكرێت پاش هەڵبژاردنەكان یەكلاببێتەوە.