هەپەگە لە زاری گەریلایەکی ڕزگاربووی هێرشەکەی خەلیفانەوە ئاشکرای دەکات، پارتی بێ هیچ هۆشیارکردنەوەیەک، لەسەر ئاوی زاپ لە چوار لاوە ئەو گروپە گەریلایە گولـلەرباران کراون، لە ئەنجامدا پێنج گەریلا شەهیدبوون، گەریلایەک بەبرینداریی بەدیل گیراوە و گەریلایەکیش خۆی ڕزگار کردووە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، لە ڕاگەیەندراوێکدا، وردەکاریی هێرشەکەی شەوی ٢٨ی ئابی پەدەکەی لە خەلیفان خستەڕوو.

لەڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە” شەوی ٢٨ی ئاب، گروپێک گەریلا، کە لە حەوت کەس پێکدەهاتن، دەیانویست لە قەندیلەوە بچنە بادینان، دەوروبەری کاتژمێر ٢:٣٠ خولەکی نیوەشەو، کاتێک گەریلاکان ویستوویانە ئاوی زاپ تێپەڕێنن، ڕووبەرووی هێرشی هیزەکانی پەدەکە بوونەوە”.

هەپەگە ڕوونیکردووەتەوە” بێ ئەوەی چەکدارەکانی پەدەکە، هیچ هۆشیارییەک بدەن، یان گولـلەی هۆشداریی بتەقێنن، ڕاستەوخۆ لە چوار لاوە گولـلەبارانیان کردوون”، ڕاشیگەیاندووە”لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا بە زانیاریی ڕوون، پێنج هەڤاڵمان شەهیدبوون، ئەگەری زۆر هەیە، هەڤاڵێکمان بە برینداریی دەستگیر کرابێت، هەروەها هەڤاڵ حەقی، کە یەکێک لە ئەندامانی گروپەکە بووە و شاهیدی ئەو ڕووداوەیە، توانیویەتی بە زەحمەتییەکی زۆر لەو هێرشە ڕزگاری ببێت و دوای ئەوەی گەیشتەوە لای هیزەکانمان، ڕووداوەکە لەزۆر ڕووەوە ڕوون بووەوە”.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە” پێشتریش بە گەلی کور د و رای گشتییمان وتووە، ئەو ڕووداوە بۆ دادوەریی و ویژدانی پەدەکە جێدەهێڵین، ئەوە راستیی دۆخەکەیە، دەبێت بۆ گەلەکەمان ڕوون بێت، ئەو ڕووداوە بەبێ هیچ هۆشدارییدانێک بە گەریلا و لەسەر بنەمای لەناوبردن پێکهاتووە”.

هەپەگە لە بەردەوامییدا دەڵێت “ئاشکرایە کە بە ئامانجی دەرخستنی شەڕ لەناو کوردادندا ئەنجام داراوە، لەگەڵ ئەوەی دەزانن، کە ئێستا شەڕێک لەناو کورداندا دروستببێ، لە زیانی هەموو گەلی کورد دەبێت”.