دوای ئەوەی ڕۆژی 28ی تەمووزی 2021، لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا، سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد، ئامادەکاریی بکەن بۆ ئەوەی لە وەرزی زستاندا سووتەمەنی بۆ هاووڵاتییان دابین بکەن، لە ئەمڕۆوە دەست بە دابەشكردنی نەوتی ماڵان دەكرێت.
ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر رایگەیاند: “لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ئەمڕۆوە 3ی 10 دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپی بهسهر هاووڵاتییاندا دەكرێت”.
لە رۆژی پێنج شەممە 30/9/2021 وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان نەوتی سپی بۆ ناوچە شاخاوییەكانی هەولێر داوەتە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكانی هەولێر و رۆژی 3/10/1021 نەوت لە دەڤەری برادۆست دابەش دەکرێت.
ئاماژەی بەوەش دا: “حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر تێچووی خۆی نەوتەکە دابەش دەکات، هەر ماڵێك 200 لیتر، کە دەکاتە بەرمیلێك نەوتیان پێ دەدرێت و نرخی هەر بەرمیلێک 55 هەزار دیناری عێراقی دەبێت”.
بە نووسراوێك لە 12ی ئابی 2021 دا، سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان، هەردوو وەزارەتی دارایی و سامانە سروشتییەكانی راسپاردبوو، ئامادەكاری بۆ دابەشكردنی نەوت بكەن. لە نووسراوەكەدا ئەوە هاتبوو: “دەبێت پڕۆسەكە خێرا بێت، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لە كاتی خۆیدا سوودی لێ ببینن”.
بۆ ئەوەی هەر خانەوادەیەكی سنووری پارێزگای هەولێر نەوتی پێ بدرێت، دەبێت 100 ملیۆن لیتر نەوت بەردەست بێ.
ئاری کاکەشین، وتیشی: “لە قۆناغی یەکەمدا زیاتر لە 25 ملیۆن لیتر نەوتی سپی دابەش دەکەین، پڕۆسەکە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەیەکەوە دەست پێدەکات، بۆیە داوا لە بریکارەکان دەکەین، هاووڵاتییان ئاگادار بکەنەوە”.
ئەوەشی خستە ڕوو، هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە، بۆ ئەوەی بەخێرایی بەر لە دەستپێکردنی وهرزی سەرماوسۆڵە نەوت بگاتە دەست دانیشتووانی ناوچە شاخاوییەکان.
ئەگەر یەك بەرمیل نەوت بە هەر خانەوادەیەكی هەرێمی كوردستان بدرێت، دەبێ نزیكەی 250 ملیۆن لیتر نەوت دابین بکرێت.
ئاری کاکەشین روونی كردهوه، کوالێتیی نەوتی سپی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو باشترە و بڕەکەشی زیاترە، لەکاتێکدا لە ساڵی 2020 نزیکەی 22 ملیۆن لیتر دابەش کرا.
لای خۆیەوە، نافیز ناوپردانی، سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتییەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، ڕایگەیاند: “دوای ئەوەی حكوومەت بڕیاری دا نەوت بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش بكرێت، لە سنووری پارێزگای هەولێر دەست بە دابەشكردنی نەوت دەكرێت، پلانی دابەش كردنەكەش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكان دەبێت و ئێمەش چاودێریی پڕۆسەكە دەكەین”؟
وتیشی: “بڕیارە ئەمساڵ دابەشكردنی نەوت هەموو سنووری پارێزگای هەولێر بگرێتەوە و سەرەتاش لە ناوچە شاخاوییەكان دابەش دەكرێت، بەپێی ئەو ڕێژەیەی كە دێت”.