سەرۆکایەتی هاوپەیمانی کوردستان رایگەیاند، بەبۆنەی چوارەمین ساڵیادی کۆچی دوایی مام جەلال، سەرۆکی کۆماری پێشووتری عێراق و سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بڕیاریانداوە بۆ ماوەی 24 کاتژمێر لە سەرتاسەری کوردستان هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن رابگرن.
 سەرۆکایەتی هاوپەیمانی کوردستان لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، “بەبۆنەی چوارەمین ساڵیادی ماڵئاویی سەرۆک مام جەلال، سەرۆکایەتی هاوپەیمانی کوردستان بڕیاریدا بۆ ماوەی 24 کاتژمێر لە سەرتاسەری کوردستان هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن رابگرێت. داواکارین کاندیدە بەڕێزەکانی هاوپەیمانی کوردستان و هەموو کادر و هەڵسوڕاوانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە کاتژمێر 12ی ئەمشەوەوە بۆ ماوەی 24 کاتژمێر هەموو چالاکییەکی بانگەشەی هەڵبژاردن رابگرن.”

ئەوەش هاتوە، “هەروەها داوا لە میدیا و کەناڵەکانی راگەیاندنی یەکێتی و گۆڕان دەکەین لە ماوەی دیاریکراودا لە جیاتی رووماڵی بانگەشەی هەڵبژاردن، بەرنامەکانیان تەرخان بکەن بۆ باسکردن لە ژیان و خەبات و تێکۆشانی سەرۆک مام جەلال و هەڤاڵە تێکۆشەرەکانی و لەسەرووی هەمووشیانەوە سەرکردەی مەزن رەوانشاد کاک نەوشیروان مستەفا”.