وەزیری پەروەردەی هەرێم زیادکردنی ڕۆژەکانی پشووی لە ناوەندەکانی خوێندن بەهۆی هەڵبژاردنەکانەوە ڕاگەیاند و وتی، لە 6ی مانگەوە (تشرینی یەکەم) پشوو دەبێت تاوەکو 11ی مانگ، واتە ڕۆژی 12ی تشرینی یەکەمی 2021 خوێندن دەست پێ دەکاتەوە.

 

 

ئالان حەمەسەعید لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، سەرەتا بڕیار بوو بەهۆی هەڵبژاردنەکانەوە سێ ڕۆژ پشوو هەبێت لە ناوەندەکانی خوێندن، بەڵام کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق داوای هەماهەنگی زیاتریان کردووە، “بۆیە ئێمەش بڕیارمان دا سێ ڕۆژی تری بۆ زیاد بکەین، کەواتە شەش ڕۆژ پشوو دەبێت لە ناوەندەکانی خوێندن.”

 

وتیشی، “لە ڕۆژی 6ی مانگ سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن پشوویان دەبێت تاوەکو 11ی مانگ، چونکە ڕۆژێک دوای هەڵبژاردنیش کۆمسیۆن پێویستی بە خوێندنگاکان دەبێت، بۆیە ڕۆژی 12ی مانگ دەوامی ئاسایی دەبێت لە ناوەندەکانی خوێندن.”