بافڵ تاڵەبانی یەک ملیۆن دۆلار تەرخان دەکات بۆ نۆژەنکردنەوەو قەرەبووکردنەوەی ئەو ماڵەکوردانەی خورماتوو کە لەدوای رووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەرەوە خانووەکانیان لەلایەن نەیارانی کوردەو سووتاون و رووخێنراون .

مەلا کەریم شکور لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی حەمرینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند لەکاتی سەردانەکەی
بافڵ تاڵەبانی بۆ شاری کەرکوک دوای ئەوەی داواکاری و داخوازییەکانی خەڵکی خورماتوومان خستە بەردەمی ، راستەوخۆ بڕیاریدا یەک ملیۆن دۆلار بە ( ١٠ ) قۆناغ تەرخانبکرێت بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو خانەوادە کوردانەی کە ماڵەکانیان سوتێنراون یاخود روخێنرابوون یان زیانیان بەرکەوتووە بەھۆی دەرئەنجامەکانی ریفراندۆم و رووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر .

لێپرسراوی مەڵبەندی حەمرین روونیشیکردەوە لەچوارچێوەی ئەم بڕیارە گرنگەی ھاوسەرۆک لیژنەیەک پێکھێنراوە بۆ دەست پێکردنی کاروبارەکان ، و ئاشکراشیکرد ھەر لەکۆبوونەوەکەماندا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی کێشەی موچە دزراوەکانی مامۆستایانی بەشی خوێندنی کوردی خورماتوو مان خستەبەردەمی و بڕیاریدا قەرەبوو بکرێنەوە و لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ لە مەراسیمێکدا ھەر ٨٨ مامۆستاکە قەرەبووکرانەوە و بڕی ئەو پارەیە کە لەلایەن ھاوسەرۆکەوە تەرخانکرابوو دابەشکرا بەسەریاندا .

مەلا کەریم شکور لەلێدوانەکەیدا ئاماژەی بۆئەوەشکرد ئەم ھەنگاوانە لەمیانی گرنگی پێدانی یەکێتی دێت بۆ ناوچەی خورماتوو ، بەتایبەت بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتی خزمەتکردنی کەرکووک و خورماتوو و ناوچەی گەرمیان بە ئەولەویەتی کارەکانی داناوەو لەکۆبوونەوەکەماندا لەگەڵی تەئکیدیکردەوە کە یەکێتی بە ئەرکی خۆی دەزانیت خزمەتی خەڵکی تێکۆشەرو قوربانی بەخشی ئەو سنورانە بکات چونکە گەرمیانییەکان خاوەنی راستەقینەی یەکێتین .