بەهۆی ئەوەی دانیشتووانی گوندی ( گەڕەسۆر)ی سنوری بنەسڵاوی سەر بە شاری هەولێر دانیشتوانەكەی ئەندامان و لایەنگرانی یەكێتین و دەنگ بە كاندیدەكانی یەكێتی دەدەن، بەرپرسی ناوچەی پارتی و سەرۆكی شارەانی بنەسڵاوە ڕێگری دەكەن لە چەوڕێژكردنی ڕێگای گوندەكەیان كەلەسەر ئەركی ئەندامێکی یەكێتی جێبەجێدەكرێت و ئەو ئەندازیار و كرێكارانەشی لەو پرۆژەیە كاریان كردووە دەستگیركراون.
لیوا ئەیوب سەعید سەرپەرشتیاری لیوای سێ و حەوتی هێزەكانی پێشمەرگە لە هەولێر ڕایگەیاند: سەرەڕای ئەوەی لەلایەن حكومەتەوە نەتواندراوە وەك پێویست خزمەتگوزاری بگەیەندرێتە دانیشتووانی گوندی (گەڕەسۆر) لە سنوری بنەسڵاەی شاری هەولێر كە دانیشتووانی ئەو گوندە خەڵكانێكی شۆڕشگێڕ و قارەمان و كۆڵنەدەربوون و هاوكار و یارمەتیدەرێكی زۆر باشی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بوون بێ جیاوازی، بەڵام هەڤاڵێكی یەكێتی لەسەر ئەركی خۆی بەڵێنی چاككردن و چەوڕێژكردنی ڕێگای گوندەكەی پێدابوون و پرۆژكەشی بۆ خستنە بواری جێبەجێكردنەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، لای بەرپرسانی پارتی ئەم پرۆژەیە بە (موزایەدەی سیاسی و بانگەشەی هەڵبژاردن) ناوبراوە بەڵام ئێمە گەر مزایەدەش بێ پێمان وایە كە بەخزمەت كردنە بە خەڵكی هەرێمی كوردستان، بۆیە شارەوانی ناوچەكە و هێزە ئەمنیەكانی ناوچەكە بە فەرمانی ( ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بنەسڵاوە) هەستاون بە دەستگیر كردنی هەموو ئەو كەسانەی سەرقاڵی كاركردنن لە پڕۆژەكەدا لە كرێكارەكانەوە تاكوو ئەندازیارەكان و شۆفێرەكان)بە بێ هۆكار، بۆیە دەبێت لایەنی بەرپرس بێتە سەرخەت و ڕونكردنەوەی پێویست لەو هەڵەیە بدات و بەزووترین كاتیش هەموو ئەوكەسانە ئازاد بكرێن و دەست بە پڕۆژەكە بكرێتەوە.
لیوا ئەیوب سەعید، ئەوەشی خستەروو، ئەوە ئەركی سەرشانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە ئەو پڕۆژانە ئەنجام بدات نەك ڕێگری لێ بكات بۆیە گەر خۆتان پێتان ناكرێ چاكی بكەن و خزمەتی خەڵك بكەن مەبنە هۆكار بۆ تێكدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و وەستاندنیان، چونكە هاووڵاتیان كەسانێكیان دەوێت كە بەڕاستی خزمەت بكەن نەك تەنها بە قسە.